Heman Hussein Yaseen
19 کانوونی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 22 کانوونی یەکەم 2024
هەولێر - AA
بە مەبەستی چۆنییەتی شێوازی بەشدارییکردنی پێکھاتەکان و دابینکردنی مافەکانییان، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاریی کرد کە تیاییدا ژمارەیەک لە نوێنەری پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی ھەرێم بەشداربوون.
لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئایدن مەعروف تیشکی خستە سەر ڕاپۆڕتێک کە لە کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیران خوێندراوەتەوە و ئاماژەی بەوەدا کە بەپێی ڕاپۆڕتەکە پێکهاتەکان دەتوانن مافی ڤیتۆیان لە پەرلەمانی کوردستان-عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا هەبێت.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئایدن مەعروف بە ئاماژەدان بە ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە گوتی: "ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاریمان لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتەکان ئەنجامدا، ئامانج لە کۆبوونەوەکە باسکردنی ئەو ڕاپۆڕتە بوو کە لە کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەربارەی ڕەوشی پێکهاتەکان خرابووە ڕوو، ویستمان ناوەرۆکی ئەم ڕاپۆڕتە لەگەڵ نوێنەرانی پێکهاتەکان باس بکەین".
ئایدن مەعروف گوتیشی: "لە ڕاپۆڕتەکەدا باس لە داواکاریی پێکهاتەکان کراوە، یەکێک لەوانە ئاماژە بەوەکراوە کە بۆ بابەتی تایبەتمەند و چارەنووسسسازەکان تایبەت بە ڕەوشی خۆیان مافی ڤیتۆیان هەبێت لە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، بۆیەش لە داهاتوودا دەبێت گۆڕانکاری لە یاسای هەڵبژاردندا بکرێت و لەم چوارچێوەیەشدا جێگای ئەو بابەتە بکرێتەوە".
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ئایدن مەعروف لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "بۆ پاڵپشتی لە پێکەوەژیان و مافی نەتەوەکان، یەکێک لە ماددەکانی ڕاپۆڕتەکە باس لەوە دەکات کە لە داهاتوودا دۆسیەی پێکهاتەکان بکرێتە فەرمانگەیەک بۆ ڕاپەڕاندنی ئیشوکاری پێکهاتەکان".