Abdullah Abdulmanaf Shukur
01 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 02 ئاب 2022
هەولێر - AA
لایەنگرانی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە میانی خۆپیشاندانەکانیاندا کە ئەمڕۆ دووشەممە ١ی ئابی ٢٠٢٢ وەک خۆیان دەڵێن بۆ پاڵپشتییکردن لە شەرعییەت و دەستوور دەستیان پێکردبوو، لە بەردەم ناوچەی سەوز دەستیان بە کشانەوە کرد.
لە دوای ئەوەی ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەھلی حەق، قەیس خەزعەلی کە ئەوەیش یەکێکە لە سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی داوای لە لایەنگرانی چوارچێوەی ھەماھەنگی کرد کە لە ناوچەکە بکشێنەوە، خۆپیشاندەران دەستیان بە کشانەوە کرد.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ١ی ئابی ٢٠٢٢، لایەنگرانی چوارچێوەی ھەماھەنگی لە دەورووبەری ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا گردبوونەوە و دژبە لایەنگرانی رەوتی سەدر، دەستیان بە خۆپیشاندان کردبوو.
لە میانی خۆپیشاندانەکاندا، خۆپیشاندەرانی لایەنگری چوارچێوەی ھەماھەنگی ھەوڵی چوونە ناوچەی سەوزیان دا، بەڵام ھێزە ئەمنییەکان بە بەکارھێنانی ئاو رێگریان لێ کردن.
لە ھەمان کاتدا خۆپیشاندان و مانگرتنەکانی لایەنگرانی رەوتی سەدر لەناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ناوچەی سەوز ناوەڕاستی بەغدا، دژبە کاندیدکردنی محەمەد شیاع سوودانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەلایەن چوارچێوەی ھەماھەنگییەوە، بەردەوامە.
لەئێستادا ژمارەیەک لە سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان ترسی ئەوەیان ھەیە رەوشەکە سەربکێشێ بۆ خوێنڕشتن.
ھەروەھا ژمارەیەک لە چاودێران و شرۆڤەکاران وای بۆ دەچن، ئەوەی ئێستا لە عێراق روودەدات، سەرەتایەکە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی ریشەیی و چاکسازی راستەقینە.
بەشێک لە شرۆڤەکارانی سیاسیی ھۆشداریی دەدەن کە ئەگەری ھەیە بەھۆی قوڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر و سەرۆکی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی شەڕ لەنێو ماڵی شیعەدا رووبدات.