hemn husain
24 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2016
ماوەیەكە رێككەوتننامەی ستراتیجی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەرەو لاواز بوون دەچێت و دەنگۆی پێداچوونەوە بەم رێككەوتننامەیە هەیە، هەرچەندە پێشتر ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەعدی ئەحمەد پیرە رایگەیاندبوو كە دەستكاری ئەم رێككەوتننامەیە ناكەن و لە بەرامبەریشدا پارتی دیموكراتی كوردستان نایشارێتەوە و ئەندامێكی سەركردایەتی ئەو حزبەش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە لە ساڵی 2013ەوە لە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پەیوەندیدان بۆ پێداچوونەوە بە رێككەوتننامەی ستراتیجی.
ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات كە لەهەوڵی ئەوەدان پێداچوونەوە بە رێككەوتننامەی ستراتیجی بكەن و چوارچێوەی ئەم رێككەوتنە فراوانتر بكەن.
ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان هێمن هەورامی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پارتی و یەكێتی لە دەستپێكی قۆناغی رێككەوتنێكی تازەدان و رێككەوتنی ستراتیجی پێشتر دەبێتە بنەمای ئەم رێككەوتننامەیە و هەردوولا پرۆژەیەك ئامادە دەكەن و خاڵی هاوبەش لە نێوان هەردوولا دا زۆرە".
سەبارەت بە خاڵە هاوبەشەكانی نێوان ئەم دوو حزبە، هێمن هەورامی پێی وایە كە دۆخی ئابووری و سیاسیی و پرسی ریفراندۆم خاڵی هاوبەشی نێوان ئەو هەردوو لایەنە سیاسییە و لە درێژەی لێدوانەكەیدا گوتی: "ئەم خاڵە هاوبەشانە پەویوەندی بە هەلومەرجی بابەتی هەیە لەسەر دۆخی ئابووری و سیاسیی هەرێمی كوردستان و پرسی ریفراندۆم و مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا و پێكهێنانی حكوومەتێكی ئیئتیلافی نەك حكوومەتێكی بنكە فراوان".
جگە لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان، هێمن هەورامی ئاماژە بە چەند حزبێكی سیاسیی دەكات كە بەشداردەبن لەو حكوومەتە ئیئتیلافە و رایدەگەیەنێت "پێكهێنانی حكوومەتێكی ئیئتیلافی لەگەڵ ئەو لایەنانەی كە باوەڕیان بە حكوومەتی ئیئتیلافی هەیە بە تایبەت یەكێتی نیشتمانی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان وكۆمەڵی ئیسلامی، ئەوانە بنەمایەكی تازە دەبن بۆ ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكیتی نیشتمانی كوردستان رێككەوتنێكی تازەی لەسەر بكەن".
لەبارەی بنەماكانی رێككەوتنی ستراتیجی و ئەو جیاوازییانەی كە بەنیازن لە رێككەوتننامەی تازەدا بیكەن، هێمن هەورامی گوتی: "رێككەوتننامەی ستراتیجی ئەوە بوو كە پارتی و یەكیتی لە هەڵبژاردنەكان بە یەك لیست دادەبەزین و لە حكوومەتیشدا شەریك بوون، بەڵام ئێستا ئەم هەلومەرجە گۆڕاوە وپارتی و یەكێتی لەسەر ئەو هەلومەرجە تازەیە رێككەوتنێكی نوێ دەكەن".
سەبارەت بە هۆكاری پێداچوونەوە بە رێككەوتننامەی ستراتیجی، هێمن هەورامی گوتی: "رێككەوتنی ستراتیجی لە 27/7/2007 ئەنجام درا و ئەوكات هەلومەرجێكی بابەتی جیاواز هەبوو، ئێستا هەلومەرجێكی جیاواز هەیە، بۆیە ئێمە لە ساڵی 2013 هەتا ئێستا لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی لەسەر خەتین بۆ ئەوەی بەو رێككەوتننامەیەدا بچینەوە و هەوڵ بدەین چوارچێوەكەی فراوانتر بكەین".
جێی ئاماژەیە لە مانگی تەمووزی ساڵی 2007 رێككەوتنێكی ستراتیجی واژۆكرا لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە تێیدا ئەم دوو حزبە لەسەر كۆمەڵیك بنەما رێككەوتن بۆ كۆتایی هێنان بە كێشە و ناكۆییەكانی نێوانیان.