سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، فارس عیسا رایگەیاند کە ئەوان دەیانەوێت کێشەی نێوان ھەولێر و بەغدا لە رێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێت، بە تایبەتی کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لەسەر پرسی چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی لایەنەکان "ھیوایەکی نوێیە" بۆ ئەوان.
سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، فارس عیسا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ھەڵسەنگاندنی لەسەر پرسەکانی وەک دەنگۆی گەڕانەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناکۆکەکان، داھاتی دەروازە سنوورییەکان، نەوت، پەیوەندی لایەنەکان لە حکوومەتەکەی کازمی و تەواونەکردنی دانوستانەکان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، عادل عەبدولمەھدی کە بەھۆی گوشاری خۆپیشاندانەکانەوە ناچارکرا دەستلەکاربکێشێتەوە، کرد.
سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، فارس عیسا ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە ئامانجی سەرەکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی "چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەولێر و بەغدایە لە چوارچێوەی دەستوور و زەمینەیەکی گفتوگۆی کراوە"، لەمبارەیەوە رایگەیاند "مەسرور بارزانی دوای دەست بەکاربوونی وەک سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، لەگەڵ شاندێکی حکوومەت سەردانی بەغدا-ی کرد و لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیران، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرکۆماری عێراق ئیرادەی ھەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا لەڕێی گفتوگۆوە خستەڕوو، ئامانجی حکوومەتی ھەرێم ئەوەیە کێشەکانی لەگەڵ بەغدا بە گفتوگۆ چارەسەر بکات".
فارس عیسا ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە ئەوان لاپەرەیەکی نوێیان ھەڵداوەتە لەبارەی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی سەردەمی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، عادل عەبدولمەھدی کە بەھۆی گوشاری خۆپیشاندانەکانی ساڵی رابڕدوو ناچاربوو دەستلەکار بکێشێتەوە. لەمبارەیەوە گوتی: "لەگەڵ عادل عەبدولمەھدی گەیشتنە رێککەوتنی جددی بەڵام بەداخەوە بەھۆی گەیشتنە بنبەستی سیاسەت لەو قۆناغەدا و دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکان لە بەغدا و نۆ پارێزگای ناوەڕاست و باشووری عێراق، عەبدولمەھدی و کابینەکەی ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە بوون".
سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا لەبارەی ھەوڵەکان بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لە ماوەی رابردوودا باسی لەوە کرد کە سەرقاڵبوونی ھەریەک لە حکوومەتی فیدڕاڵ و حکوومەتی ھەرێم بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) ھەلی ئەوەی پێنەداون لەسەر زۆر بابەت بگەنە رێککەوتنی کۆتایی، ھیواشی خواست لە ٢٠٢٠ و قۆناغی دواتردا پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا بە سەقامگیری بمێنێتەوە.
سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، فارس عیسا ئەوەی خستەڕوو کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بووەتە جێگەی ئومێد و گوتیشی: "کازمی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و گشت لایەنە سیاسییەکانی دیکە خاوەنی دیدێکی نیشتمانییە و پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئەو لایەنانە ھەیە".
فارس عیسا گوتیشی: "لەبەر ئەوەی مستەفا کازمی سەرەتای قۆناغی وەستاندنەوەی لە دژی سەدام حوسێن لە شاری دھۆک بووە، لە ھەموو رەھەندەکانەوە ئاگاداری پرسی کوردە لە عێراق و بە تێگەیشتنەوە لەم پرسە دەڕوانێت. ئەمەش بۆ ئێمە مایەی ئومێدە ھەربۆیە لە قۆناغی کاندیدکردنی و پێکھێنانی حکوومەتدا پشتیوانی کازمی-مان کردووە و بەردەوامیش دەبین لەمە".
ناوبراو ئەوەشی وەبیرھێنایەوە کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دوو جۆر دانوستانیان ئەنجامداوە، جەختی لەوەشکردەوە کە کازمی خاوەن "ئیرادەیەکی راستەقینەیە" لەبارەی گەیشتن بە چارەسەری کۆتایی کێشەکان.
ئایا ترسیان لە بەرامبەر زورفی ھەبووە؟
فارس عیسا لەبارەی پشتیوانی نەکردنی عەدنان زورفی کە وەک کاندیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستنیشانکرا و دواتر کشانەوەی خۆی راگەیاند، گوتی: "لە بەرامبەر زورفی ھیچ ترسێکمان نەبووە. رێزمان بۆ شیعەکان ھەیە بەڵام پرسی دەستنیشانکردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران لە بەرپرسیارێتی شیعەکاندا بوو. لەبارەی پرسی کاندیدکردنی زورفی شیعەکان لە نێو خۆیاندا نەگەیشتبوونە رێککەوتن".
فارس عیسا باسی لەوە کرد حکوومەتی بەغدا بە بیانووی ئەوەی "ھەولێر داھاتی نەوتی ھەناردەکراوی رادەستی حکوومەتی فیدڕاڵ نەکردووە" مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانی بڕیوە و گوتیشی: "پرسی نەوت یەکێکە لە ئاڵۆزترین پرسەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا کە زووزوو دەبێتە جێی مشتومڕ. لە سەرەتاوە حکوومەتی ھەرێم ھیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئەوە نەبووە کە حکوومەتی فیدڕاڵ سەرپەرشتی ھەناردەکردنی نەوت بکات، بەڵام پێویستە لەسەر ئەم بابەتە بگەنە رێککەوتنی کۆتایی. دەبێت ھەناردەکردنی نەوت بە شێوەیەکی ھاوبەش لە ژێر ئیرادەی حکوومەتی ھەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵدا بێت".
سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا ئەوەشی وەبیرھێنایەوە کە لە دوایین سەردانی شاندی حکوومەتی بۆ بەغدا ھەموو داتاکانی پەیوەندیدار بە ھەناردەکردنی نەوت بەشێوەیەکی شەفاف رادەستی بەغدا کراوە، بەڵام ھەندێکجار بەغدا لەسەر پرسی ھەناردەکردنی نەوت پێداگرییەکی زۆر لەسەر ناوەندیبوون دەکات. لە کاتێکدا بەپێی ئەو دەستوورەی کە سەدا ٨٥ی گەلی عێراق دەنگیان پێداوە عێراق وڵاتێکی فیدڕاڵییە نەک ناوەندی.
فارس عیسا جەختی لەوەشکردەوە کە بەغدا بەرپرسیارە لە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکە، ھەروەھا ئاشکراشی کرد کە بڕیارە بەم نزیکانە شاندێکی ھەرێم بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی سەردانی بەغدا بکات و لەبارەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانەوە دانوستان لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ بکات.
- ئایا کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر دەستی حکوومەتی ناوەندی؟
حکوومەتی عێراق کۆنتڕۆڵکردنی دوو دەروازەی سنووری لە دیالە کە بە رووی ئێران دەکرێتەوە ھەروەھا دەروازەیەکی سنووری دیکە لە بەسڕە کە بەرووی کوێت دەکرێتەوە لە دەستی ملیشیاکانی شیعە و پارتە سیاسییەکان دەرھێناوە، بانگەشەی ئەوەش دەکرێ کە بەغدا دەیەوێ کۆنترۆڵی دەرگا سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستانیش بکات. فارس عیسا لەمبارەیەوە گوتی: "دەروازە سنوورییەکانی ھەرێم لەژێر کۆنتڕۆڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندان. لە گومرگ و بەشی کۆنتڕۆڵی پاسپۆڕتی فڕۆکەخانەکان کارمەندی سەر بە حکوومەتی فیدڕاڵ ھەن، ئەم سیستمەش بەشێوەیەکی زۆر سەرکەوتوو بەڕێوەدەچێت، ھەروەھا لەبارەی رادەستکردنی دەروازە سنوورییەکان و داھاتەکانیان بە حکوومەتی بەغدا دانوستان ھەیە".
- بانگەشەکانی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناکۆکەکان
لەبارەی بانگەشەکانی گەڕانەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە بۆ کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ بۆ ھێزەکانی حکوومەتی ناوەندی عێراق جێیھێشتبوو، فارس عيسا گوتی: "تا ئێستا مەترسی داعش لەسەر عێراق کۆتایی نەھاتووە. رێکخراوەکە دووبار دەستی بە خۆڕێکخستنەوە کردووەتەوە، شانە نووستووەکانی چالاکبوون و رۆژانە کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن. ھەربۆیە رەوشی ئەمنی ناوچە جێناکۆکەکان باش نییە. چ کێشەیەک لەوەدا ھەیە بەوەی ھێزی پێشمەرگە وەک ھێزێکی ئاسایش و بەرگریی نیشتمانی بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە و بەشداری لە ئۆپەراسیۆنەکانی بەرگریی لە خاکی وڵات بکات؟ پێشمەرگە خاوەنی زانیاری جوگرافییە لە ناوچە جێناکۆکەکان، پێمانوانییە بەڕێوەبردنی تاکلایەنەی ناوچە جێناکۆکەکان و پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچانە تەنھا لەلایەن حکوومەتی فیدڕاڵەوە کارێکی سەرکەوتوو بێت".
فارس عیسا ئەوەشی ئاشکرا کرد کە دانوستانەکان لەبارەی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناکۆکەکان و بەشداریکردنی لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، بەردەوامن بەڵام ھێشتا نەگەیشتوونەتە ئەنجامی کۆتایی.
- ئایا کورد لەبارەی ھەڵبژاردی پێشوەختە چێ دەڵێن؟
لە دوای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند کە لەماوەیەکی نزیکدا وادەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخستە رادەگەیەنێت، فارس عیسا لەبارەی تیڕوانینی کورد لەمبارەیەوە گوتی: "عێراق بووەتە وڵاتێک کە بە تونێلێکی تاریکدا تێپەڕدەبێت. لە وڵاتدا لەپاڵ مەترسییەکانی کۆرۆنا و ئەو گرفتە ئابوورییانەی بەھۆی دابەزینی نرخی نەوت دروست بوون، کێشەی سیاسی جددیش ھەن. لە نێوان ھەولێر و بەغداد مشتومڕی جددی ھەیە. حکوومەتەکی کازمی کابینەیەکی کاتییە و ئەرکی ئامادەکردنی وڵاتە بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەخت. بەڵام بەھۆی ئەو قەیرانەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) دروستی کردووە کارێکی سەختە لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، لەبەردەم حکوومەتدا قۆناغێکی کەمتر لە دوو ساڵ ھەیە".
فارس عیسا لە بارەی بوونی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە خاکی عێراقدا باسی لەوە کرد کە دەخوازن کێشەکان لە دەرەوەی سنووری عێراق چارەسەر بکرێن، ھیواشی خواست تورکیا و عێراق لەسەر ئەم پرسە بگەنە رێککەوتن.
news_share_descriptionsubscription_contact

