عێراق.. بەرھەم ساڵح و مستەفا کازمی تاوتوێی ژمارەیەک پرسی گرنگیان کرد
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ئەحمەد ساڵح و سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی: "گرنگە تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی و پاراستنی مافی تەواوی مووچەخۆرانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بەدووربن لە ململانێیە سیاسییەکان".
Arbil
ھەولێر ــ AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ئەحمەد ساڵح و سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی ئاشكرایانكرد، گرنگە تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی و پاراستنی مافی تەواوی مووچەخۆرانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بەدووربن لە ململانێیە سیاسییەکان.
نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە کە ئەمڕۆ دووشەممە، بەرھەم ئەحمەد ساڵح لە کۆشکی بەغدا پێشوازی لە مستەفا کازمی کردووە.
بەپێی راگەیەنراوەکە لە دیدارەکەدا سەبارەت بە پێشھاتەکانی سیاسی، ئەمنی و ئابووریی عێراق، گفتوگۆکراوە و تێیدا ھاتووە:
"لە کۆبوونەکەدا، بەگرنگییەوە باس لە پێویستی چەسپاندنی ئارامی عێراق و پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی ھاووڵاتییان و بەھێزکردنی دەسەڵاتی دەزگا ئەمنییەکان و جێبەجێکردنی یاسا کراوە، لە پێناو زامنکردنی ئاشتی و ئاسایشی گشتیی و رێگریکردن لەو کارانەی لە دەرەوەی یاسان و رێکخستنەوەی چەک".
ئاماژە بەوەیشدراوە ھەر لە کۆبوونەوەکەدا ھەردوولا تاوتوێی ھەڵبژاردنەکانی داھاتوویان کردووە و لەوبارەوە پێداگری کراوە له گرنگی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان و پشتیوانی تەواوی خۆشیان دووپاتکردەوە بۆ سەرخستنی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان و رێگریکردن لە ساختەکاری و فرتوفێڵ، ھەروەھا گرنگی چاودێریکردنی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان لەلایەن چاودێرە نێودەوڵەتییەکان بە شێوەیەکی جیددی ئەوەیش بە ھەماھەنگیی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و نوێنەرایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان و زامنکردنی دەرفەتی بەشداری فراوان بۆ گشت ھاووڵاتییان.
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە رەوشی ئابووریی عێراق و بوودجەی گشتیی کراوە، بۆ ئەو مەبەستەیش ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە گرنگە تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بوودجەی گشتییی و پاراستنی مافی تەواوی مووچەخۆرانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بەدووربە لە ململانێیە سیاسییەکان لەگەڵ گەیشتن بە چارەسەرێکی بنەڕەتی لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەبارەت بە دۆسییە داراییە ھەڵپەسێردراوەکان، بەجۆرێک زامنی مافی مووچەخۆران و ھاووڵاتییان بکات بەبێ جیاوازی.