Sarmand Hameed
05 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 06 مای,س 2020
هەولێر - AA
شاندی باڵای حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ تەواوكردنی گفتوگۆكان سەبارەی بە بوودجە و نەوت لەگەڵ حكومەتی عێراق، بەرەو بەغدا بەڕێ كەوت.
بەپێی راگەیەنراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەم سەردانەی شاندی ھەرێم تەواوكەری سەردانەكەی ھەفتەی پێشووە كە چەندین كۆبوونەوەیان ئەنجامدرا و چەند پێشنیارێک خراونەتە روو بۆ چارەسەركردنی كێشەی پشكی ھەرێم لە بوودجەی گشتی عێراق و كێشەی نەوت.
شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی ئەندامییەتی هەریەک لە وەزیری دارایی و ئابووری، ئاوات شێخ جەناب و وەزیری پلاندانان، دارا رەشید و وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕالی، خالید شوانی و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، ئومێد سەباح و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم پێکهاتووە.
سێشەممەی هەفتەی رابردوو هەمان شاند بۆ گفتوگۆگردن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەتی عێراق چوونە بەغدا و ئێوارەی رۆژی هەینی گەڕانەوە هەولێر.
رۆژى ٢٠٢٠/٤/١٦ لەلایەن ئەمیندارى گشتى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقەوە بریار دەرچووە بۆ راگرتنى بوودجەى هەرێمى کوردستان و رۆژی ٢٠٢٠/٤/١٩ شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرسەکانی بوودجە، شایستە داراییەکانی ھەرێم، نەوت، وزە، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و چەند پرسێکی دیکە سەردانیان بەغدای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەتی عێراق گفتوگۆ و دانوستاندنیان ئەنجامدا.