Haydar Karaalp
13 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 14 حوزەیران 2022
بەغدا - AA
سەرۆکی دەستەی سیاسیی رەوتی سەدر، ئەحمەد ئەلموتەیڕی رایگەیاند موقتەدا سەدر "لە سیاسەت کشاوەتەوە".
موتەیڕی، کە بە نزیکترین کەسایەتییەکان لە موقتەدا سەدر دادەنرێت لەدوای دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانی فراکسیۆنی سەدر لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەی ئەحمەد ئەلموتەیڕی-دا ھاتووە:
"نیشاندانی قوربانی و کشانەوەی موقتەدا سەدر لە سیاسەت و جێھێشتنی کورسیی پەرلەمانتارەکانی بۆ کەسانی گرووپە سیاسییە رکابەرەکان، مانای ئەوە دەدات کە خۆی کردووەتە قوربانی عێراق".
رەوتی سەدر، لە ھەڵبژاردنە پێشوەختەکەی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووی لە کۆی گشتی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران زۆرترین کورسی بەدەستهێنا و بووە براوەی هەڵبژاردنەکان. بەڵام بەھۆی ناکۆکی لە نێوان چوارچێوەی ھاوئاھەنگی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە و رەوتی سەدر نەیتوانی حکوومەتی نوێ پێکبھێنێ.
سەدر، کە چەندین جار ئاماژەی بەوە کردبوو کە ھاوپەیمانی لەگەڵ رکابەرە پاڵپشتیکراوەکانی لەلایەن ئێرانەوە پێکناھێنێت، ھاوپەیمانییەتێکی سێ قۆڵی بەناوی "رزگارکردنی نیشتمان"ی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەسعود بارزانی و ھاوپەیمانێتی سەروەری سوننەکان پێکھێنابوو.
سەرەڕای ئەم ھاوپەیمانێتییە، سەدر کە نەیتوانی ئەنجام لە ھەوڵەکانی بۆ پێکھێنانی حکومەت بەدەست بھێنێت دوێنێ داوای لە ئەندامانی فراکسیۆنی سەدر لە ئەنجوومەنی نوێنەران کردبوو کە دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش بکەن.
لەلای خۆیەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق محەمەد حەلبوسی-ش دەستلەکارکێشانەوەی ٧٣ پەرلەمانتارەکەی قبوڵ کردووە.