زاڵمای خەلیلزاد: "پشتیوانی لە ھێزەکانی ئەفغانستان دەکەین"
- نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان، زاڵمای خەلیلزاد: "ئەگەر بزووتنەوەی تاڵیبان لە شەڕکردن بەردەوام بێت، ئەوا ئێمە پشتیوانی لە ھێزەکانی ئەفغانستان دەکەین".
Kabil
کابول ــ AA
نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان، زاڵمای خەلیلزاد رایگەیاند، وڵاتەکەی پشتیوانی لە ھێزەکانی ئەفغانستان دەکات، ئەگەر بزووتنەوەی تاڵیبان بەردەوامبوون لە شەڕکردن ھەڵبژێرێت.
زاڵمای خەلیلزاد لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کابول لەبارەی رۆژەڤی دانوستانەکانی ئاشتی لە ئەفغانستان بۆ رۆژنامەوانان دوا.
ئەو بە رۆژنامەوانانی گوت "ھەنگاوانان بەرەو ئاشتی پێویستی بەوەیە بزووتنەوەی تاڵیبان لەگەڵ حکوومەتی ئەفغانستاندا لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنشێت، ھەروەھا کۆدەنگییەک لە نێوان ھاوپەیمانە ھەرێمییەکان لەبارەی ئەو خاڵە ھەیە".
نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان، زاڵمای خەلیلزاد گوتیشی: "ئەگەر بزووتنەوەی تاڵیبان بەردەوامبوون لە شەڕکردن ھەڵبژێرێت، ئەوا ئێمە پشتیوانی لە ھێزەکانی ئەفغانستان دەکەین، ئەگەر بیەوێت گفتوگۆ بکات، ئەوا ئێمەش گفتوگۆیان لەگەڵدا دەکەین، ئەگەر شەڕکردنیان دەوێت، ئەوا ئێمە شەڕیان لەگەڵدا دەکەین، لەگەڵ ئەوەشدا ئومێداوەرین تاڵیبان لەبڕی شەڕکردن ھەوڵی بەدیھێنانی ئاشتی بدات".
سەبارەت بە بنکەی سەربازی ھەمیشەیی ئەمریکا لە ئەفغانستان، زاڵمای خەلیلزاد گوتی: "ئێمە ھەرگیز نەمانگوتووە، بنکەی سەربازی ھەمیشەییمان لە ئەفغانستاندا دەبێت، ئەوەی ئێمە دەمانەوێت و خواستمان لەسەری ھەیە، کێشە و ململانێیەکان لە میانی دانوستانەوە لە ئەفغانستان بە کۆتابێت، شەراکەتمان لەگەڵ ئەفغانستان بەردەوام بێت و نەبوونی ھیچ ھەڕەشەیەکی تیرۆریستی بۆسەر ئێمە دەستەبەر بکرێت".
لە کۆتاییدا زاڵمای خەلیلزاد گوتی: "ئامانجی درێژمەوادی ئەمریکا ئەوەیە، پەیوەندییەکی گشتگیری لەگەڵدا ئەفغانستاندا ھەبێت کە لایەنەکانی سەربازی، دیپلۆماتی و ئابووری بگرێتەوە".
لە تشرینی دووەمی رابردوودا، زاڵمای خەلیلزاد دانوستانی راستەخۆی لەگەڵ نوێنەرانی تاڵیبان لە قەتەر سازکردبوو کە بۆ سێ رۆژ بەردەوامبوو.