سياسەت

دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان و کاریگەرییەکانی لەسەرگوزەرانی هاووڵاتییانی عێراق

ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شارەزای بواری ئابووریی، عیزەت سابیر:"باشترین حکوومەت کە دەکرێت پێکبێت لە عێڕاق، دەکرێت لە یەکگرتنی زۆرینەی کوتلە براوەکانی شیعە، سوننە و کورد ئەو حکوومەتە پێکبهێنن، دەتوانن سەرکەوتووترین حکوومەت بێت".

Rewa Mahmood Hasan  | 26.10.2021 - نوێکردنەوە : 27.10.2021
دەرەنجامی هەڵبژاردنەکان و کاریگەرییەکانی لەسەرگوزەرانی هاووڵاتییانی عێراق

As Sulaymaniyah

سلێمانی-AA رەوا حاجی

گوزەرانی خەڵکی و باری ئابووریی و دارایی عێراق یەکێکی ترە لەو پرسانەی زۆرێک لە خەڵکی و سیاسییەکانیشی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، ئەویش لەدوای ئاشکراکردنی دەرئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق کە لە ١٠ی ئۆکتۆبەردا ئەنجام درا.

بەمەبەستی تاوتوێکردنی بارودۆخی ئابووریی و دارایی حکوومەتی عێراقی لەدوای پێکهێنانی حکوومەتی نوێوە لەژێر رۆشنایی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، هاوکات بۆ تاوتوێکردنی ئەگەرەکانی بەردەم سەقامگیربوونی سیاسیی لە عێراق کە دیوێکی تری سەقامگیری ئابوورییە، ئاژانسی ئانادۆڵو هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شارەزای بواری ئابووریی، عیزەت سابیردا ئەنجام دا.

''ئەگەر حکوومەت زوو پێکبێت بێگومان گوزەرانی ئابووریی خەڵک زۆر بەرەو باشتر دەچێت''

سەرەتا سەبارەت بە ئەگەرەکانی بارودۆخی ئابووریی عێراق لەژێر رۆشنایی دەرەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ١٠ی ئۆکتۆبەر کە لە عێراق ئەنجام درا کە ئایا گوزەرانی هاووڵاتییان چی جۆرە گۆڕانکارییەکی بەسەردادێت بە ئەرێینی یاخود نەرێنی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شارەزای بواری ئابووریی، عیزەت سابیر ئاماژەی بەوە دا کە حکوومەتی نوێی عێراق ئەگەر زوو پێکبێت، ئەوا چانسێکی زۆری دەبێت بۆ دەستکراوەیی لە خۆشکردنی گوزەرانی خەڵکەکەیدا، بەتایبەت کە ئێستا نرخی نەوت بەردەوام روو لە زیاد بوونە و گوتی:

''تا ئێستا بەرچاوڕوونی نییە کە تا ئێستا کوتلەکەی سەدرە سەرمەشقە یان نا بۆ پێکهێنانی حکوومەت، راستە کوتلەی یەکەمی براوەی هەڵبژاردنە، بەڵام بۆی هەیە کوتلەی لەو گەورەتر دروست بێت کە حکوومەت پێکدەهێنێت، بەڕای من دوای هەموو هەڵبژاردنێک ئەگەر بەئاشتی بەڕێوەچووبێت و حکوومەت پێکهێنرا، خۆشگوزەرانی و باشتربوونی باری ئابووریی روو لە خەڵکەکەی دەکات، چونکە هەڵبژاردن هەرکاتێک حکوومەتێک نەیتوانی باش خزمەتی خەڵک بکات، دەنگدەر سزای لایەنی دەسەڵات دەدات و کەسانی تر هەڵدەبژێرێت، ئەمەش وا دەکات حکوومەتی تازە کە لەڕێی کەسانی تازەوە پێکهێنراوە، خۆشگوزەرانی بەرجەستە بکات، هاوکات نرخی ئێستای نەوت بۆ هەریەک بەرمیل سەروو ٨٠ دۆلارە، ئەمەش داهاتێکی گەورە بۆ عێڕاق پەیدا دەکات. لە بەختی ئەم حکوومەتە تازەیەش بەتایبەت کە ئێمە لە مانگی تشرینی یەکەمداین، ئەگەر حکوومەت زوو پێکبێت، بتوانێت بوودجەیەکی هاوسەنگ بنێرێتە پەرلەمان و تێیپەڕێنێت، ئەوەش مژدەیەکی ترە کە خۆشگوزەرانی خەڵکی لێدەکەوێتەوە، بەڵام ئەوانەی من تا ئێستا باسی دەکەم، هەمووی ئەگەرە، هێشتا حکوومەت پێکنەهاتووە و بوودجەیش باسی لێوە نەکراوە، بۆیە دەبێت چاوەڕێی پێکهێنانی حکوومەت بین بەزوویی بۆ ئەوەی ئەم مژدانە سەر بگرێت".

''ئەگەر حکوومەتی زۆرینە پێکبێت زیاتر دەست کراوە دەبێت بۆ خەرجکردنی بوودجە''

لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا پێکهێنانی حکوومەت لەلایەن سێ کوتلە براوەکەی هەر سێ پێکهاتەی شیعە، سوننە و کورد کە ئەوانیش کوتلەی سەدرییەکان، قادیمون و کوتلە کوردییەکانن سەقامگیری سیاسیی و بەهۆیشیەوە سەقامگیری ئابووریی بەردەست دەخات یان نا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شارەزای بواری ئابووریی، عیزەت سابیر رایگەیاند کە ئەو لەگەڵ ئەوەدایە سەرجەم کوتلە کوردییەکان بە یەک دەنگ بچنە بەغداد کە دەکاتە ٦٣ کورسی، واتە دوای سەدر یەکەم کوتلەی گەورە دەبێت لە سەرجەم عێراقدا و گوتی: ''باشترین حکوومەت کە دەکرێت پێکبێت لە عێراق، ئەو کوتلانەن کە زۆرترین ژمارەی کورسییان بەدەستهێناوە، بۆ نموونە چەند کوتلەیەک هەیە لە سوننەکان، زۆرینەی ئەو کوتلانە، چەند کوتلەیەکی شیعە هەیە زۆرینەی شیعەکان و چەند کوتلەیەکی کوردیی هەیە، زۆرینەی کوردەکان کە من هیوادارم هەموویان بەشداربن، ئەو حکوومەتە پێکبهێنن دەتوانن سەرکەوتووترین حکوومەت پێکبهێنن، کەمترین ناڕەزایی دەبێت، کەمترین ئۆپۆزسیۆنی دەبێت و دەست کراوە دەبێت، بەرچاویان روون دەبێت کە چۆن ئەو پارەو بوودجە و داهاتەی دێتە دەستیان خەرجی دەکەن".

ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شارەزای بواری ئابووریی، عیزەت سابیر لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا پێکهێنانی حکوومەتێکی هاوپەیمانیی لە بری تەوافوقیی پێکبێت، دەکرێت سەرکەوتوو بێت؟ گوتی:

"هەموو حکوومەتی کابینەکانی عێراق لەدوای ٢٠٠٥ەوە بە هاوپەیمانی پێکهاتوون، مەرج نییە هەموو خاوەن کورسییەکانی پەرلەمان لە کۆی ٣٢٩ خاوەن کورسییەکەن پلە و پۆستیان پێبدرێت، بەشیان ناکات، بەڵام ئەگەر زۆرینەی شیعە، سوننە و کورد بچنە ئەو حکوومەتەوە، ئەوا سەرکەوتوو دەبن، بەڵام ئەگەر کەمینەیەک لە هەرسێ پێکهاتەکەی شیعە، سوننە و کورد حکوومەتیان پێکهێنا و ژمارەی ئۆپۆزسیۆنەکان زیاتر بێت، ئەوا سەرکەوتوو نابێت. واتە بۆ نموونە تۆ ناتوانیت کوتلەکانی (نوری) مالیکی، (هادی) عامری و ئەوانی تر لەنێو شیعەکان کە بە گوتەی میدیاکان نزیکی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن، نادیدە بگریت، چی دڵێکت بەم حکوومەتە خۆش دەبێت کە پێکدێت، ئاسان نابێت بۆی".

''دەبێت کوتلە کوردییەکان یەکەم کاریان رێککەوتنی سەر کاغەز بێت لەسەر ماددەی ١٤٠ و شایستە داراییەکانی هەرێم''

لە وەڵامی دواپرسیاریش کە ئایا لەژێر رۆشنایی ئەنجامی هەڵبژاردن و ئەگەرەکانی بەردەم پێکهێنانی حکوومەتی عێراقیدا، شایستە دارایی و ئیدارییەکانی هەرێمی کوردستان بەچی ئاراستەیەکدا دەچن، بەتایبەت کاتێک لە ماوەی پێشوودا چەندین جار دواکەوتن و هەڵوەشانەوەی بڕیاری ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە دواخراوە، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شارەزای بواری ئابووریی، عیزەت سابیر نەیشاردەوە کە ئەگەر سەرجەم ٦٣ کورسییەکەی کوتلەکانی هەرێمی کوردستان بەیەکەوە بەیەک هاوپەیمانی بچنە بەغدا، لەگەڵ لایەنی براوەی شیعە و سوننە دەبێت بەنووسراو رێککەوتن بکەن لەسەر شایستە داراییەکان، ناوچە جێناکۆکەکان، ماددەی ١٤٠ و ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان کە تووشی کاولکاری بووە، بەڵام بە واژوو بەنووسراویی، ئەو کات ئەگەر جێبەجێ نەکرا لە دادگایی فیدراڵیی سکاڵا تۆمار بکرێت.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın