ھەولێر
ئەمڕۆ چوارشەممە بە ئامادەبوونی ژمارەیەك بەرپرسی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە و بەرپرسی گشتی راھێنەرانی ھاوپەیمانان لە ھەرێمی كوردستان رێوڕەسمی بە كۆتا ھاتنی دووەمین خولی مەشق و راھێنانی فەوجی دووی لیوای شەشی پیادەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لە فێرگەی مەشقی پڵنگەكانی زێرەڤانی لە شاری ھەولێر بەڕێوەچوو.
خولی مەشق و راھێنانی بەشێك لە ھێزەكانی پێشمەرگە ماوەی چوار ھەفتەی خایەند و لە مەشقەكەدا شارەزایانی سەربازی شەش وڵاتی ھاوپەیمان ئەڵمانیا، ئەمریكا، ئیتاڵیا، بەریتانیا، ھۆڵەندا و نەرویج بەشدارییان كرد و مەشقیان بە نزیكەی ٥٠٠ پێشمەرگەی كوردستان كرد. چۆنییەتی مەشقەكان لە چوارچێوەی بەرگری كردن و شێوازەكانی شەڕی ناوشار بوو.
لە مەڕاسیمەكەدا وەزیری پێشمەرگە ئامادە نەبوو بەڵام لیوا قارەمان كەمال عومەر بە نوێنەرایەتی ئەو وتارێكی پێشكەش كرد و تیادا سوپاسی ھیزەكانی ھاوپەیمانانی كرد كە ماوەی چوار ھەفتەیە بێ ماندووبوون مەشقیان بە ھێزەكانی پێشمەرگە كردووە. لیوا قارەمان كەمال گوتی: "ھتچ ھێزێك پێی ناگوترێت ھێز گەر لە رووی سەربازییەوە ئامادەكراو نەبێت بۆیە مەشق بەشێكە لە ئامادەكاریەكانی شەڕ. باسی ئەوەشی كرد كە ھێزەكانی پێشمەرگە لە ماوەی رابردوودا چەندین جۆری مەشق و راھێنانیان پێكراوە بەڵام مەشقی شەڕی ناو شار یەكێك بووە لەو وانانەی كە ھێزەكانی پێشمەرگە نەیانخوێندووە. لیوا قارەمان گوتی: "بۆیە لە ماوەیئەو خولانەدا مەشق و راھێنانی شەڕی شار واتا شاری تایبەت بە ھێزەكانی پێشمەرگە كراوە".
بەرپرسی راھێنەرانی یەكەكانی ھێزەكانی ھاوپەیمانان كولونێل یوهان شنایدەر لەمیانی رێوڕەسمەكەدا وتارێكی پێشكەش كرد و باسی لە بوونی ھەڕەشەی داعش لە ناوچەكە و جیھان كرد ھاوكات ئاماژەی بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی مەشق و راھێنانەكان كرد. شنایدەر گوتی: "رێكخراوی داعش لە دووری 40 كیلۆمەترەوە كاری تیرۆریستی لە دژی خەڵكی كوردستان و عێراق ئەنجام دەدات. داعش مەترسییەكی راستەقینەیە ئەمەش تەنیا بۆ ئێوە نا بەڵكو ئەمانە دەیانەوێت ببنە تێكدەری سەرجەم بەها و رەھەندەكانی دیموكراسی، سەربەخۆیی و ئازادی لە تەواوی جیھاندا. ئێمەش لێرەدا شان بە شانی ھێزەكانی پێشمەرگە لە دژی داعش وەستاینەتەوە".
ناوبراو ئاماژەی بە ورە بەرزی ھێزەكانی پێشمەرگە كرد و گوتی: "پێشمەرگەكان ماوەی چوار ھەفتەیە بە وورەیەكی بەرزەوە مەشق دەكەن، ئەمە دووەمین خولی مەشق و راھێنان بوو و لە ماوەی چەند رۆژی داھاتوودا خولێكی دیكەی مەشق و راهێنان دەست پێدەكات و دڵنیام لەوەی كە دووبارە بە باشترین شێوە ئەركەكانمان جێ بەجێ دەكەین ھەر وەك چۆن لە دوو خولی رابردوودا بەجێمان گەیاند. شنایدەر لە كۆتایی وتارەكەیدا بە دەنگێكی بەرز گوتی "بژی پێشمەرگە" و سەرجەم پێشمەرگەكانیش بە یەك دەنگ وەڵامیان دایەوە گوتیان "بژی پێشمەرگە".
دوای وتارەكان بڕوانامەی تەواو كردنی مەشقەكە بەسەر پلەداران و پێشمەرگەكانی كوردستاندا دابەش كرا. ھەر یەك لە بەرپرسی راھێنەرانی ھاوپەیمانان كولونێل یوهان شنایدەر و لیوا قارەمان كەمال عومەر بڕوانەمەكانیان بەسەر پێشمەرگەكاندا دابەش كرد.