هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە رێوڕەسمی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان: "ئێستا لە پەرلەمانی کوردستان یاسای لێبوردنی گشتی تاوتوێ دەکرێت، داواکارم ئەم لێبوردنە گشتییە تاوانەکانی پەیوەندیدار بە توندوتیژی ژنان نەگرێتەوە".
هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران نێچیرڤان بارزانی و جێگرەکەی قوباد تاڵەبانی، کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان و رێکخراوەکانی تایبەت بە ژنان راگەیێندرا.
ئەم هەڵمەتە بۆ ماوەی 16 رۆژ لە سەرجەم و شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و بڕیارە تێدا چەندین چالاکی و کاری جیاجیا جیا بە مەبەستی هۆشیارکردنەوەی خەڵک و هەروەها رێگری لە توندوتیژی دژ بە ژنان ئەنجام بدرێت.
لە رێوڕەسمی راگەیاندنی هەڵمەتەکەدا کە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵای شاری هەولیر بەڕێوە چوو، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی وتارێکی پیشکەش کرد.
نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: "لە ماوەی (25) ساڵی ڕابردوودا ئێمە کاری جددیمان کردووە لەسەر پرسی ژن و سیاسەتی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان، چونکە باوەڕمان بەوە هەیە کە دابینکردنی ئاسایش و یەکسانی و دادوەری دهبێته بناغهی ئهساسیی كاركردنمان، باشترین دەروازەن بەرەو ژیانێکی ئارام و کوردستانێکی ئازاد بۆ سەرجەم هاووڵاتییانی كه له ههرێمی كوردستان دهژین. هەر لەم باوەڕەوە، بە ڕاوێژکاری و گوێگرتن لە پسپۆڕ و چالاکوان و داکۆکیکارانی یەکسانی و مافی مرۆڤ، کارمان کردووە بۆ چاکسازیی یاسایی و سیاسەت و ستراتیژییەتمان داڕشتووە".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند "چالاکییەکان بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان زیاتر دەکەین و ناهێڵین جارێکی دیکە ژنان ببنە قوربانی شەڕ و پێکدادانەکان".
هەروەها گوتیشی: "ئێستا لە پەرلەمانی کوردستان یاسای لێبوردنی گشتی تاوتوێ دەکرێت، داواکارم ئەم لێبوردنە گشتییە تاوانەکانی پەیوەندیدار بە توندوتیژی ژنان نەگرێتەوە".
ئەوەی خوارەوە دەقی وتارەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانە:
میوانه بهڕێزهكان، ئامادهبووانى بهڕێز،
ڕۆژتان باش..
بهخێر بێن بۆ ڕێوڕەسمى ڕاگەیاندنی هەڵمەتی نیشتمانیی ئەمساڵمان بۆ بنبڕکردنی توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان.
ئەمساڵ دەیەمین ساڵە ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەڵمەتی نیشتمانی ڕادەگەیەنین بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و دابینکردنی یەکسانی و دادوەريی کۆمەڵایەتی. سەرەڕای ڕووداوە دژوارەکانی ئەم دواییە، سەرەڕای بارودۆخی سەختی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵیش وەکو ساڵانی ڕابردوو، هاوشانی حکوومەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە سەرانسەری جیهان، ئێمە ئیرادەی سیاسیمان دووپات دەکەینەوە بۆ دابینکردنی ئاشتی و سەقامگیری له ههرێمی كوردستان، کار و چالاکییەکانمان چڕتر دەکەین بە ئامانجی نەهێشتنی توندوتیژی لەناو خێزان و کۆمەڵگە و لەسەر ئاستی نیشتمانی و تەواوی ناوچەکە.
ئەمساڵ بە پێویستی دەزانم جەخت لە ئیرادەی دەسەڵاتی سیاسیی کوردستان و خەڵکی کوردستان بکەمەوە بۆ ئازادی و یەکسانی و ئاشتی و سەقامگیری.
گومانی تێدا نییە کە هەرێمی کوردستان ئەمساڵ بە بارودۆخێکی دژوار و ناهەموادا تێدەپەڕێت. ڕووداوەکانی ئەم چەند مانگەی ڕابردووش بە کردەنی دەیسەلمێنن کە گهلى كوردستان، گەلێكى ئاشتیخوازە، گەلێكى کراوە و بەخشندەیە و هەمیشە بەرگری لەخۆی دەکات، بەڵام هەرگیز توندوتیژی بەکار ناهێنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەكان و دابینکردنی مافە بنەڕەتییە سیاسی و مەدەنی و مرۆییەکانی، بەڵکو دەیەوێ بە شێوازی دیموکراسی و به شێوازێكی ئاشتییانه بگاتە ئەو مافانەی كه خهباتی بۆی كردووه.
دیارە لە هەموو جیهاندا هەر کاتێک بارودۆخی سیاسی و ئابووری دەشێوێ، ژنان باجێکی گەورە دەدەن، نەک تەنیا دەبنە قوربانیی سەرەکیی شەڕ و هێرشەکان، بەڵکو مافە ڕەواکانیان کە کاریان لەسەر کردووە، پێشێل دەکرێنەوە و کار و چالاکییەکان سست دەبن و پرۆسەی یەکسانی و دادوەری دەچێتە دواوە.
بەڕێزان..
ئەمڕۆ لێرە بە هاوکاريی سەرجەم ژنانی کوردستان دووپاتی دەکەینەوە كه لێناگەڕێین مافەکانتان بچنە دواوە، لێناگەڕێین جارێکی دیکە ببنەوە قوربانیی سەرەکیی شەڕ و پێکدادانەکان. ئێمە بەڵێن دەدەین کە ئەو پێشکەوتنانەی لە (25) ساڵی ڕابردوودا بەدەستمان هێناون، بەردەوام دەبن و حکوومەتی هەرێمی كوردستانیش وەک هەمیشە هاوکاری نزیكتان دهبێت.
لە ماوەی (25) ساڵی ڕابردوودا ئێمە کاری جددیمان کردووە لەسەر پرسی ژن و سیاسەتی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان، چونکە باوەڕمان بەوە هەیە کە دابینکردنی ئاسایش و یەکسانی و دادوەری دهبێته بناغهی ئهساسیی كاركردنمان، باشترین دەروازەن بەرەو ژیانێکی ئارام و کوردستانێکی ئازاد بۆ سەرجەم هاووڵاتییانی كه له ههرێمی كوردستان دهژین. هەر لەم باوەڕەوە، بە ڕاوێژکاری و گوێگرتن لە پسپۆڕ و چالاکوان و داکۆکیکارانی یەکسانی و مافی مرۆڤ، کارمان کردووە بۆ چاکسازیی یاسایی و سیاسەت و ستراتیژییەتمان داڕشتووە.
لەڕووی یاساییەوە، لە ساڵانی نەوەدەوە تا ئێستا کۆمەڵێک ماددەی هەردوو یاسای سزای عێراقی و یاسای باری کەسیێتیمان گۆڕیوە. جگە لەمانەش، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە ڕاوێژکاری و گوێگرتن لە پەرلەمانتارانی ئافرەت لە هەموو حیزب و لایەنەکان، چەند یاسایەکی هاوچەرخ و شارستانییان دەرکردووە.
لەوانەیە لێرەدا پێویست بکات زۆر بە کورتی باسی ئەو ڕیفۆرم و یاسایانە بکەم. لە ساڵی ٢٠٠١وە لە هەرێمی کوردستان کوشتنی ژن جا بە هەر پاساوێك بێت، وەکو هەموو کوشتنێکی دیکە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، نەک بە گوێرەی ماددەی (٣٧٧) و ماددەکانی (١٢٨) و (١٣٠) و (١٣١) و (١٣٢) لە یاسای سزای عێراقی، کە تاوانباران بە کوشتنی ژن بە حوکمی خەفیف سزا دەدات. دوابەدوای ئەمە، فرەژنی لە هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا و کۆمەڵێک مەرجی قورس تا ڕاددەیەکی زۆر سنووردار کراوە. هەروەها تەمەنی شووکردنی بەرز کردەوە بۆ (18) ساڵ وەکو مافێکی بنەڕەتی و لەپێناوی ئەوەی کچان بتوانن گەشە بە خوێندن و گەشەسەندنی خۆیان بدەن لهم ولاتهدا.
یاسای ژمارە (8)ی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی ساڵی ٢٠١١ هەنگاوێکی دیکە بوو بەرەو دابینکردنی یەکسانی و دادپهروهریی کۆمەڵایەتی. هەروەها پێش ئەو یاسایەش، پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە (6)ی ساڵی ٢٠٠٨ی دەرکرد، کە تایبەتە بە بەکارهێنانی ئامرازەکانی پەیوەندیکردن و مۆبایل و ئینتەرنێت. ئەم یاسایە هەنگاوێکی سەردەمییانە بوو بۆ پاراستنی ئافرەت لە هەڕەشە و شەڕپێفرۆشتن و هەوڵی کەسانی بەدكار لە ڕێگای تەکنەلۆژیای مۆدێرنەوە، لە ڕێگای مۆبایل و ئینتەرنێتەوە، بۆ زڕاندنی ناو و ئابڕووى ئافرەت، کە زۆر جار بهداخهوه بۆتە هۆی ئەوپەڕی توندوتیژی و گۆشەگیری و تەنانەت كهیسی کوشتنیشی لێكهوتۆتهوه.
لە ڕووی سیاسەت و ستراتیژییەوە، کارەکانمان دەیسەلمێنن کە ئێمە هەر لە سەرەتاوە بە کردەوە و بە شێوەیەکی سیستەماتیک کارمان لەسەر ئەم پرسە گرنگەی کۆمەڵگە کردووە.
دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و دامەزراندنی چەندەها شێڵتەر بۆ داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێکراو و دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان و بۆردی چاودێریی مافەکانی ژن، هەنگاوی کردەنيی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوون بۆ بەدامەزراوەییکردنی پرسی ژن، بە ئامانجی بنبڕکردنی توندوتیژی دژی ئافرهتان و چاککردنی دۆخی کۆمەڵایەتی.
لە پێداچوونەوەی ستراتیژییەت و کارەکانماندا، خۆشحاڵ بووم کە بینیم ئەم دەزگایانە ڕۆژانە کاری پێویست و گرنگ ئەنجام دەدەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان. دیارە ئەو بارودۆخەی لە دوای هاتنی داعش و گرژییەكان و هێرشەکانی ئەم دواييهى هێزه عێراقييەكان هاتۆتە ئاراوە، لێنەگەڕاوە لە بواری جێبەجێکردن، کارەکانمان لە ئاستی چاوەڕوانییەکانماندا بن.
سەرەڕای دروستکردنی تەگەرە لەبەردەم دەسەڵاتی جێبەجێکردن، هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستان و قەیرانەکانی سووریا و عێراق، کێشەیەکی دیکەی مرۆیی و گەورەی بۆ هەرێمی کوردستان دروست کرد، ئەویش کێشەی ئاوارە و پەنابەرانە.
سەرەڕای دۆخی سەختی هەرێمی کوردستان، ئێمە هەر لە سەرەتاوە بە سنگێکی فراوانەوە پێشوازیمان لە ئاوارە و پەنابەران کردووە و لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەرمان داڵدە داوە له ههرێمی كوردستاندا. دوای هێرشی هێزه عێراقييەكان بۆ سەر کەرکووک و خورماتوو و ناوچەکانی دیکە، زیاتر لە (160) هەزار کەسی دیکە ئاوارە بوون و ڕاپۆرتەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیش پێمان دەڵێن کە ژنان و کچان بەرەوڕووی توندوتیژی بوونەتەوە.
ئێمە بەدواداچوون لەم کەیسانە دەکەین و داوا لە هێزە پێشکەوتنخوازەکانی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین هاوکارمان بن بۆ سزادانی تۆمەتباران و قەرەبووکردنەوەی ئەو ژنانە، هەروەها داوایان لێدەکەین کە هاوکاريی ئاوارەکان بکەن تا بتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
گرژی و پەیوەندییەکانی ناوخۆش کاریگەريی نەرێنییان هەبووە و بەڵێن دەدەین کە ئێمە هەمیشە ئاشتی و ئاسایشی کوردستان دەپارێزین و کاردەکەین بۆ یەکگرتوویی و تەبایی.
ئێمە بڕوامان وایە کە دەبێ لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژيدا، هەموو جیاوازییە حیزبی و سیاسییەکانمان بخەینە لاوە و بە باوەڕ و ئیرادەیەکی پتەو پێکەوە کار بکەین، چونکە هەروەک لە سەرەتادا گوتم، ئەم پرسە بە تەنیا پرسی ژن نییە، بەڵکو پرسی هەموو کۆمەڵگەیە و ئاشتی و ئاسایشی کوردستان بە ئاشتی و ئاسایشی دەروونی و ناوماڵ و خێزانەوە بەندە. لە هەمووی گرنگتر، لە کارکردن لەسەر ئەم مەسەلە هەستیارە، دەبێ ئێمە باوەڕ و قەناعەتی شەخسیی خۆمان بخەینە لاوە و بەرنامە و کاری حکوومەت وەکو ئەرک جێبەجێ بکرێن.
هەڵمەتی ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ هەڵمەتێکی جیهانیی لهلايهن ئافرهتانهوه بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەراسانکردنی سێکسی لە شوێنی کار و لەلایەن پیاوانی خاوەنکار و دەسەڵاتدارەوە. کەیسی (واینشتاین)، گوڕ و هێزێکی زۆری دا به ژنان لە سەرانسەری جیهان تا بازنەی بێدەنگی بشکێنن و نادادوەری و هەراسانکردن ڕیسوا بکەن.
ژنانی کوردستان دەمێکە ئەو هەنگاوەیان ناوە و بە شیوەیەکی کردەنی بەرەوڕووی هەموو جۆرە توندوتیژییە جێندەرییەکان بوونەتەوە. دیارە ئەو هەڵمەتە جیهانییەی ئەم دواییەی ژنان، هێزێکی دیکە بە ئێمە دەبەخشێ و لێرەوە داوا لە پۆلیس و دەسەڵاتى دادوەری دەکەین گوێ لە مەینەتی و سکاڵای ژنان لەمبارەیەوە بگرن و بە دابنیکردنی دادوەری، ئازار و خەمی ئەو ژنانە کەم بکەنەوە و ببنە مۆدێلیکیش بۆ دوورخستنەوەی ئەو جۆرە ڕەفتارە ناڕەوایانە.
هەر لەم سۆنگەیەوە، هاوسۆزی و هاوکاريی خۆمان دەردەبڕم بۆ کەسایەتی و لایەنە پێشکەوتنخوازەکانی دەسەڵاتى فيدراڵ لە بەغدا تا ڕێگا بگرن لە پڕۆژەی بەشوودانی کچ لە تەمەنی (9) ساڵیدا. کچەکانمان لەم تەمەنەدا پێویستییان بە خۆشەویستیی دایک و باوکانییان هەیە تا بتوانن برەو بە خوێندن و پەروەردە بدەن، نەک ببنە کاڵا و بەشوو بدرێن و ژیانیان لێ تاڵ بکرێت. ئومێدەوارم هێزە پێشکەوتنخوازەکانی عێراق لێنەگەڕێین ئەم پڕۆژەیە بچێتە پێشەوە و ببێتە یاسا لە سیستەمی فيدراڵی عیراقدا.
لە کاتێکدا ئێمە بە بڕواوه کار لەسەر پرسی ژن دەکەین و ئیرادەی سیاسی لەسەر هەموو ئاستێک خراوەتە گەڕ، جارێکی دیکەش بە پێویستی دەزانم ئەوە دووپات بکەمەوە کە ئەم پرسە فرەلایەن و فرەڕەهەندە و، داواى كار و هاوكاريى زیاتر له سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دەکەم، بە ڕێكخراوه ناحكوومیيهكان و دهزگاكانى ڕاگهیاندن و مامۆستایانى بهڕێزی ئایينى و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانەوە، بۆ سهرخستنى ئهو ههموو ههوڵانهی كه له ههرێمی كوردستان دهدرێن.
هەر لێرەدا دووپاتى دەکەمەوه ههوڵهكانمان بۆ ڕزگاركردنى كچان و ژنانى ئێزدى بەردەوام دەبێت. ئەوان نموونەیەكى زيندووى ئەو كارەسات و نەهامەتيانەن كه له ئەنجامى شەڕ و توندوتيژيدا، بەرەوڕووى ئافرەتان دهبنهوه. ئێستاش كه له پەرلەمانى كوردستان ياساى لێبوردنى گشتى تاوتوێ دەكرێت، داوا له پهرلهمانی كوردستان دەكەم ئەو لێبوردنه به هيچ شێوەيەك ئهنجامدهرانى تاوان به ناوى شهرهفپارێزى، نەگرێتەوه.
بەڕێزان..
ئەم هەڵمەتەی ئەمساڵ، وەکو ساڵانی ڕابردوو دوو هەفتە دەخایەنێت و لە دەرەوەی هەڵمەتەکەش ئێمە بە هاوکاريی ئێوەی خۆشەویست بە شێوەیەکی سیستەماتیک کار لەسەر ئەم پرسە گرنگە دەکەین. ئەمە بۆ ئێمە بەشێکی گرنگە لە پرۆسەی دیموکراسی لە ناوچەکە و بڕواى تەواومان بەوە هەیە کە تەنیا بە پەرەپێدانی پرۆسەی دیموکراسی، دەتوانین مافی هاووڵاتیان دابین بکەین و کۆمەڵگە بەرەوپێش ببەین.
لە کۆتاییدا جارێکی دیکە سوپاستان دەکەم بۆ سازدانی ئەم هەڵمەتە و سوپاسی ڕێكخهرانی ئهم كۆبوونهوهیهش دهكهم كه ئهمرۆ لێره ئهنجامیانداوه، دهستخۆشی له ئهنجومهنی باڵای خانمان دهكهم كه ههمیشه به دڵسۆزییهوه كارهكانیان ئهنجامداوه، ههروهها لێره دهمهوێ سوپاسێكی تایبهتیش ئاراستهی وهزارهتی ناوخۆی حكوومهتی ههرێمی كوردستان بكهم بۆ دروستكردنی ئهو بهشانهی تایبهت به نههێشتنی توندوتیژی دژی ئافرهتانن و داوایان لێدهكهم پهره به كارهكانیان بدهن و جددیتر بن. ئهوهی تا ئێستا ئێمه ئهنجاممانداوه، ئهوه نییه كه ئیتر ڕاوهستین، دهبێت بهردهوام بین بۆ گهیشتن بهو ئاواتانهی ههموومان كار و خهباتیان بۆ دهكهین.
news_share_descriptionsubscription_contact

