ئابووری

سبەی شاندێکی بازرگانیی تورکیا سەردانی ھەولێر دەکات

- بەڕێوەبەری راگەیاندن لە لقی ھەولێری یەکێتیی ھاوردە و ناردنکارانی ھەرێمی کوردستان، ھێرش سادق: "ئامانجی سەردانەکە توند و تۆڵکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانە، بەتایبەت کە لە ماوەی رابردوودا، بەھۆی کۆرۆنا و رێوشوێنە تەندروستییەکان، تۆزێک سستی کەوتبووە"

Heman Hussein  | 27.09.2020 - نوێکردنەوە : 29.09.2020
سبەی شاندێکی بازرگانیی تورکیا سەردانی ھەولێر دەکات وێنە: ئەرشیڤ

Arbil
ھەولێر - AA

بڕیارە سبەی دووشەممە، شاندێکی بازرگانیی تورکیا سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات و زنجیرەیەک دیداری بازرگانی ئەنجام بدات.

لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری راگەیاندن لە لقی ھەولێری یەکێتیی ھاوردە و ناردنکارانی ھەرێمی کوردستان، ھێرش سادق راگەیاند کە سبەی دووشەممە شاندێکی بازرگانی کە پێکھاتوون لە کۆنسولخانەی تورکیا لە ھەولێر، دەستەی گومرکی تورکیا و نوێنەری وەزارەتی بازرگانیی تورکیا سەردانی لقی ھەولێری یەکێتیی ھاوردە و ناردنکارانی ھەرێمی کوردستان دەکەن.

ھێرش سادق لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئامانجی سەردانەکە توند و تۆڵکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانە، بەتایبەت کە لە ماوەی رابردوودا، بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێوشوێنە تەندروستییەکان، تۆزێک سستی کەوتبووە کەرتی بازرگانی و لەم چوارچیوەیەشدا، تورکیا بەھۆی ئەوەی کە دراوسێی ئێمەیە و زۆرترین بازرگانیمان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا ھەیە، بۆیە سبەی شاندەکە دوایین پێشھاتە بازرگانییەکان تاوتوێ دەکات".

بەڕێوەبەری راگەیاندن لە لقی ھەولێری یەکێتیی ھاوردە و ناردنکارانی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد کە تورکیا ھەندێک ئاسانکاری بۆ بازرگانانی ھەرێمی کوردستان کردووە کە لەئێستادا بازرگانان دەتوانن بە ناسنامەی یەکێتیی ھاوردە و ناردنکارانی ھەرێمی کوردستان و بە ئۆتۆمبێلی خۆیان سەردانی تورکیا بکەن، لەم سەردانەشدا کۆمەڵێک ئاسانکاری دیکەی ھاوشێوە دەکرێت".   

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın