Zana Natık Kerem
01 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 01 ئاب 2022
ھەولێر ــ AA
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند "ھێزە سەربازیی و ئەمنییەکان لە ھەموو کاتەکاندا، تەنھا دڵسۆزییان بۆ عێراق و دامەزراوە سەربازییەکان ھەیە، دوور و نزیک دەستوەردان لە کاروبای سیاسییدا ناکەن".
لەمبارەیەوە شانەی راگەیاندنی ئەمنی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە "ھێزە سەربازیی و ئەمنییەکان لە ھەموو کاتەکاندا سەلماندوویانە کە دڵسۆزییان تەنھا بۆ عێراق و دامەزراوە سەربازییەکان ھەیە، دوور و نزیک دەستوەردان لە کاروبای سیاسییدا ناکەن و ئەوان سوێندیان خواردووە کە تەنھا خزمەتی وڵات بکەن".
راشیگەیاندووە "لەم کاتەدا، بانگەشەی ئەوە بڵاودەکرێتەوە کە گوایە ھێزە ئەمنییەکان بەشێکن لە قەیرانی سیاسیی ھەنوکەیی کە ئەوەیش دوورە لە راستییە و ھیچ بنەمایەکی نییە، بۆیە ئەو دەنگۆیانەی کە لەبارەی لێدوانی فەرماندە ئەمنییەکان سەبارەت بە رەوشی سیاسیی ئێستا یان دەستوەردانیان رەت دەکەینەوە".
ھاوکات وەزارەتی بەرگریی عێراق ئەو ھەواڵەی رەت کردەوە کە باس لەوە دەکات کە گوایە فەرماندەی فیرقەی ١١ی پیادە پاڵپشتی خۆی بۆ خۆپیشاندەران راگەیاندووە.
لەمبارەیەوە وەزارەتی بەرگریی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ھەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە گوایە فەرماندەی فیرقەی ١١ی پیادە رایگەیاندووە کە چووەتە پاڵ خۆپیشاندەران و ھاتووە "لێرەوە ئەوە دووپات دەکەینەوە کە سوپای عێراق ئەرکی تەنھا خزمەتکردنی عێراقە و لە رێزی گەل دایە".
راشیگەیاندووە کە ئەرکی ھێزە ئەمنییەکان پاراستنی خۆپیشاندەران، سامانی گشتیی و تایبەت، ھەروەھا بەرگرتن لە ھەر پێشێلکارییەکی ئەمنی و رووبەڕووی ئەو کەسانەیە کە ھەوڵدەدەن بە قۆستنەوەی رەوشەکە، ئاسایشی وڵات بشڵەژێنن.