Ozhin Ramadhan Salih
01 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 02 مای,س 2021
کەرکووک – AA
فەرماندەی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک، بوونی بۆشایی ئەمنی لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان بە ھۆکاری زیادبوونی جموجۆڵەکانی داعش دەزانێت.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، فەرماندەی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک نووری حەمە عەلی باسی هێرشەکەی شەوی رابردووی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەکات و بوونی بۆشایی ئەمنی بە هۆکاری ئەو ناسەقامگیرییە دەزانێت کە ناوچەکەی گرتووەتەوە.
نووری حەمە عەلی گوتی: "کاتژمێر ١٢ی شەوی رابردوو تیرۆرستانی داعش ھێرشیانکردە سەر ھێزەکانی پێشمەرگە رەبایەکانی سەرشاخی زرگوێزانی سنووری ناحیەی پردێ و پاش ٤٥ خولەک لەرووبەرووبوونەوەی نێوان تیرۆریستان و ھێزەکانی پێشمەرگە روویداوە و داعش لەدووری سەد و بیست مەتر تەقەیان کردووە و لەئەنجامدا سێ پیشمەرگە شەھید و دوو پێمشەرگەیش برینداربوون".
لەسەر ھەماھەنگی ھێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ ھێزە عێراقییەکان نووری حەمە عەلی باسی لەوەکرد کە ئەو وەک فەرماندەی میحوری رۆژئاوا ھیچ ھەماھەنگییەکی لەگەڵ ھێزە عێراقییەکاندا نییە و گوتی: "ئەو ژوورە ئۆپەراسیۆنەی بڕیاربوو لەناوچە کوردستانییەکان دروستبکرێت، هەر وەک رێکەوتنی شنگال حکوومەتی عێراق نایەوێ جێبەجێ بکرێ و کێشەکە لەلای ئەوانەوەیە".
بە پێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، بە هۆی کردەوە تیرۆریستییەکانەوە لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق، لانیکەم ١٢ پێشمەرگە و هێزەکانی پۆلیسی فیدڕاڵی و سوپا شەهید و ١٠ش بریندار بوون.
لەسەر زیادبوونی جموجۆڵەکانی چەکدارانی داعش لەسنووری پارێزگای کەرکووک، نووری حەمە عەلی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، "نەبوونی خزمەتگوزاری لەو ناوچانە و ململانێی نێوان شیعە و سوننە ھۆکارە بۆ زیادبوونی جموجۆڵەکانی داعش و بوونی بۆشایی ئەمنی و بێدەنگبوونی سوپای عێراق و نەبوونی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لەو ناوچانە ھۆکارێکی دیکەن بۆ زیادبوونی جموجۆڵ و کردەوەکانی داعش لەسنووری پارێزگای کەرکووک".