Ramal Abdullah Mahmood
07 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 08 تەمووز 2017
واشنتۆن – AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رێکس تیلەرسن بەمەبەستی کۆبوونەوە لە بارەی بەردەوامی گرژی نێوان قەتەر و ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی، رۆژی ١٠ی تەمووز سەردانی کوێت دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا لە سەر بانگهێشتی میری کوێت، شێخ سەباح ئەحمەد جابر ئەلسەباح، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رێکس تیلەرسن سەردانی ئەو وڵاتە دەکات.
تیلەرسن رۆژانی ٧-٨ی تەمووز بەمەبەستی بەشداریکردن لە لووتکەی G20 سەردانی هامبۆرگ دەکات، دواتر دەچێتە ئۆکراینا و لە رێکەوتی ٩-١٠ی تەمووزیش سەردانی تورکیا دەکات.
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ دووشەممەی رابردوو لە بارەی دوا پێشهاتەکانی گژری نێوان قەتەر و ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی لە رێگەی تەلەفۆنەوە بە جیا پەیوەندی کرد بە هەریەک لە شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز و میری قەتەر، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی و شازادەی جێنشینی ئیمارات، محەمەد بن زیاد ئال نەهیان.
هەریەک لە سعوودیە، بەحرێن، ئیمارات، میسر و یەمەن دوای ئەوەی لە ٥ی ئەم مانگە قەتەریان بە ''پشتیوانییکردنی تیرۆر تۆمەتبار کرد''، رایانگەیاند کە هەموو پەیوەندییە دیپلۆماسیییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا پچڕاندووە.
سعوودیە، ئیمارات و بەحرێن کایەی ئاسمانییان بە رووی قەتەردا داخست و داوایان لە کەسایەتییە دیپلۆماسییە قەتەرییەکان کرد لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا وڵاتەکانیان جێبهێڵن. هەروەها سعوودیە سنووری وشکانیشی بە رووی قەتەردا داخست کە تاکە سنووری وشکانی قەتەرە.
سعوودیە، ئیمارات، بەحرێن و میسر چەند رۆژێک دوای بڕیارەکە لیستێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە کە ناوی ٥٩ کەس و ١٢ رێکخراوی خێرخوازی لەسەر بوو و بە تۆمەتی "پەیوەندی هەبوون لەگەڵ تیرۆر" خستیانە ناو "لیستی تیرۆر" و بانگەشەی ئەوەیشیان کرد کە قەتەر پشتگیری ئەو کەس و رێکخراوانە دەکات.