Azat Muhammet
26 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 29 نیسان 2017
دهۆک - AA
ئەمڕۆ نوێنەرى ژمارەیەکى زۆر لە هۆزە عەرەبەکانى پارێزگاى نەینەوا لە نووسینگەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە شاری دهۆک بەیاننامەیەکیان دژى بوونى چەکدارانى پەکەکە لە شنگال خوێندەوە و داوایان کرد هەرچى زووە پەکەکە لە شنگال دەربکەوێت و رایانگەیاند کە لە هەر ئاڵۆزییەکى ناوچەکە پەکەکە بە بەرپرس دەزانن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، هۆزە عەرەبەکانى پارێزگاى نەینەوا لە پارێزگاى دهۆک هەستان بە دەربڕینى ناڕەزایەتى دژى مانەوەى چەکدارانى پەکەکە لە شنگال و سەر چیاى شنگال. لە هەمان کاتیشدا بۆردومانکردنى هێزەکانى پێشمەرگە بە هەڵە لەلایەن تورکیایەوە ئیدانە کرد.
بە نوێنەرایەتى هۆزەکانى پارێزگاى نەینەوا، شێخ سەباح ئەلعەبد رەبو لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى لە نووسینگەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە لە پارێزگاى دهۆک گوتى: "سەرەتا پێشێلکارى سەروەرى خاکى عێراق لەلایەن وڵاتانى دراوسێ رەتدەکەینەوە، هەرچەند تورکیا مەبەستى بووە بۆردومانى رێکخراوە تیرۆریستییەکانى ناوچەکە بکات، بەڵام بە هۆى بۆردومانکردنى رێکخراوى تیرۆریستى پەکەکەوە بارەگایەکى پێشمەرگە بۆردومان کرا و پێنج پێشمەرگە شەهید بوون، لە کاتێکدا ئەو پێشمەرگانە ئەرکى پاراستنى هاووڵاتییانى ناوچەکەى لە ئەستۆ بووە لەسەر چیاى شنگال، خەمبارین و لە خواى گەورە دەپاڕێینەوە جێگەى شەهیدانى پێشمەرگە بەهشتى بەرین بێت و خوا شیفاى بریندارانیش بدات".
هەروەها گوتیشى: "داوا لە چەکدارانى پەکەکە دەکەین هەرچى زووە لە شنگال دەربکەون و بنکە و بارەگاکانیان لە شنگال بکشێننەوە، چونکە بوونى پەکەکە لە شنگال هەڕەشەیە لەسەر هاووڵاتییانى ناوچەکە و، هەروەها هۆکارى سەرەکى نەگەڕانەوەى ئاوارەکانى شنگالە تاوەکو لە ناوچەکەیان بە ئاشتى بژین. لە ئێستا شنگال هیچ پێویستى بە پەکەکە نییە، بە پێچەوانە پەکەکە بووەتە هۆکار بۆ ئەوەى فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیا بۆردومانى ناوچەکە بکات، هەروەها هۆکاریشن بۆ ئەوەى چەندین فەرمانگەى حکوومى خزمەت پێشکەش بە هاووڵاتییان نەکەن، چونکە لەلایەن پەکەکەوە دەستیان بەسەردا گیراوە".
هۆزە عەرەبەکانى نەینەوا داوا لە حکوومەتى عێراق، حکوومەتى هەرێمى کوردستان و ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق دەکەن هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بە مەبەستی دەرکردنى پەکەکە بۆ ئەوەی ئاسایشی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە".
لە کۆتاییدا سوپاسى هێزەکانى پێشمەرگە و حکوومەتى هەرێمى کوردستانى کرد کە دەرگاى بە رووى ژمارەیەکى زۆر لە ئاوارەکان کردووەتەوە و سوپاسى رۆڵى حەکیمانەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، مەسعود بارزانى کرد کە هەموو پێکهاتەکانى بە بێ جیاوازى پاراستووە لە هەرێمى کوردستان.