بەغدا
دوای ئەوەی لە 17 ئەم مانگە چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش تەواوی شاری رومادییان كۆنترۆڵ كرد دانیشتوانی شارەكە لە ترسی ئەو رێكخراوە روویان لە پارێزگای بەغدا كرد. بە ھەزاران ھاووڵاتی لە نزیك پردی بزێبز چاوەڕێی پەڕێنەوە بۆ بەغدا دەكەن.
بۆ چوونە نێو شاری بەغدا ئاوارەكان چەند سەعاتێك لە نزیك پردەكە چاواڕێ دەكەن، ھاوكات رێگە بەو كەسانە نادرێت بێ كەفیل دەربازی نێو شاری بەغدا ببن. تا ئەو كاتەی رێكارەكانی یاساییان بۆ تەواو دەكرێت ئاوارەكان بە ناچاری لە نزیك پردەكە و سەر پردەكەدا لە ژێر خۆردا چاوەڕی دەكەن. ئەو ئاوارانەی كە لە پردەكەدا دەرباز دەبن وەكو خۆشحاڵی دەربڕینێك زەوی ماچ دەكەن.
سەربازێكی عێراقی كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "ئەو خێزانە ئاوارانەی كە لە ئەنبارەوە ھاتووەنەتە ئێرە تەنیا ئەوەی كەفیلی ھەبێت رێگەی پێدەدرێت بچێتە ناو باغدا. ئەو ھاووڵاتییانەشی دەیانەوێت بچنە شارەكانی دیكەی عێراق داوای كەفیلیان لێ ناكەین".
ھاووڵاتییەكی دانیشتووی شاری رومادی بە ناوی خەجیجە مەجید بۆ ئانادۆڵو دەڵێت بە چاوی خۆی كردەوە تیرۆریستییەكانی داعشی بینیوە گوتیشی: "سەر بڕینم بینی، دەستدرێژی سێكسی، خانوو سووتاندن و خانوو تێكدانم بینی. پۆلیس و سەربازەكانی سوپای عێراقیان لە سێدارە دەدا. ئێمە تەنیا فریای ئەوە كەوتین كە خۆمان رزگار بكەین ھیچمان لەگەڵ خۆماندا نەھێنا. ئێمە لە كاتێكدا دەبێت شانازی بە نەوتەوە بكەین بەڵام بە ھۆی كۆمەڵكوژییەوە ژیانمان لێ تاڵ بووە".
سورە كەریمیش باس لەوە دەكات داعش باوك و براكەی لەبەر چاوی ئەوەوە كوشتووە ئەویش ھەر چۆنێك بێت لەدەست چەكدارانی داعش رایكردووە، كەریم گوتیشی: "دایكە بە تەمەنەكەم و منداڵەكانم ھێنا و رامانكرد، كەسوكارە مردووەكانم مەزارێكیشیان نابێت لە دوارۆژدا سەردانیان بكەین".
جاسم دلێمی دەڵێت: "لە ساڵی 2013وە شەڕ لە رەمادی ھەیە، زۆربەی دانیشتوانی ئەو شارە سوننە مەزھەبن. دوای ئەوەی سوپای عێراق لە رومادی كشایەوە ئەو شارە بە تەواوی كەوتە ژێر دەستی داعشەوە. لەگەڵ كشانەوەی سوپای عێراق لەو شارە ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی سەربازی و چەندین چەكی قورسیان لە دوای خۆیاندا بەجێھێشتووە. بە ھۆی شەڕەكەوە ھاوكاری ناگەیێندرێتەوە".
سوپای عێراق بە ھاوكاری میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە نیازە لە ماوەی داھاتوودا ئۆپەڕاسیۆن بۆ سەر ئەو شارە ئەنجام بدات ھاوكات بڕیاریشە ھێزەكانی ھاوپەیمانان بە ھێرشی ئاسمانی ھاوكاری ھێزەكانی عێراق بكەن. باس لەوەش دەكرێت كۆماری ئیسلامیی ئێران بە ھێزی وشكانی ھاوكاری ئۆپەڕاسیۆنەكە دەكات.