Heman Hussein Yaseen
08 کانوونی دووەم 2024•نوێکردنەوە: 23 کانوونی دووەم 2024
هەولێر - AA هێمن حوسێن
ئەگەرچی چارەنووسی وادەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان-عێراق نادیارە کە بڕیار بوو ٢٥ی شوباتی ئەمساڵ پڕۆسەکە بەڕێوەبچێت، هاوکات وردەکارییەکانی پڕۆسەکەش لە بابەتی سیستەمی بازنەی هەڵبژاردن و کورسی کۆتا نادیارە.
پێشتر هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان-عێراق بەشێوەی یەک بازنەیی بەڕێوەدەچوو، هاوکات لە کۆی ١١١ کورسی پەرلەمانیش ١١ کورسی بۆ کۆتاکان دیاریکراوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا هەرێم بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردن دابەش بکرێت و کۆتاکانیش بەسەر بازنەکان دابەش بکرێت.
ڕۆژی ٢٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، دادگای باڵای فیدڕالی لەبارەی سکاڵایەکی سەرۆکی فڕاکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان-عێراق، زیاد جەبار و، سکاڵایەکی سەرۆکی فڕاکسیۆنی ڕافدەین لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ئامانج نەجیب شەمعوون کۆبووەوە و دواتر کۆبوونەوەکەی بۆ ڕۆژی ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ دواخست.
سکاڵاکارەکان تانەیان لە پێنج ماددەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق داوە کە بریتیین لە ماددەکانی (١،٩،١٥،٢٢،٣٦) لە یاسای ژمارە یەکی ساڵی ١٩٩٢ی ھەموارکراو، کە تایبەتن بە شێوازی بازنەی ھەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان.
ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت کە لەمیانی پێشکەشکردنی هەمواری یاسای هەڵبژاردن، داوایانکردووە کە پێداچوونەوە بە نوێنەری پێکهاتەکان بکرێت و پێیوایە ئەوانەی بەناوی پێکهاتەکان چوونەتە پەرلەمان، نەیانتوانیووە نوێنەرایەتی پێکهاتەکان بکەن بەڵکو نوێنەرایەتی هێزێکی سیاسیی دیاریکراویان کردووە.
هاوکات پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی کوردستان-عێراق لە پێکهاتەی تورکمان ڕایدەگەیەنێت کە دوو حزبی دیاریکراو، پێکهاتەکانییان خستووەتە نێو کێشە سیاسییەکانی خۆیان و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە هیچ لایەنێک ناتوانێت هەڵسەنگان بۆ ئەدای پێکهاتەکان بکات.
هەروەها پەرلەمانتارێکی دیکەی پەرلەمانی کوردستان-عێراق لە پێکهاتەی مەسیحی پێیوایە ئەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سکاڵای لەسەری هەیە، ئەدای هەندێک لە نوێنەری پێکهاتەکانی نێوپەرلەمانە و، ڕاشیدەگەیەنێت کە تێبینی ئەوان ئەوەیە کە نوێنەری پێکهاتەکان دەبێت بەشێوەیەکی کردارەکی نوێنەری پێکهاتەکانی خۆیان بن.
ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، لوقمان وەردی لەبارەی سکاڵای حزبەکان لە دادگای فیدڕالی سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردن، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هەر لە پێشکەشکردنی هەمواری یاسای هەڵبژاردن، داوامانکرد کە پێداچوونەوە بە نوێنەری پێکهاتەکان بکرێت، چونکە بەداخەوە ئەوانەی بەناوی پێکهاتەکان چوونەتە پەرلەمان، نەیانتوانیووە نوێنەرایەتی پێکهاتەکان بکەن بەڵکو نوێنەرایەتی هێزێکی سیاسیی دیاریکراویان کردووە و ڕۆڵیان نەبووە لە ئاشتەوانیی نێوان هێزە سیاسییەکان و هاوسەنگی سیاسییان لە هەرێم ڕانەگرتووە، بەڵکو بوونەتە هۆی قوڵکردنەوەی ناکۆکییە سیاسییەکان لە نێوان لایەنەکان و بە دیاریکراویش لە نێوان پارتی دیموکراتیی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەمیشە ئەوانە لە بری ئەوەی نوێنەرایەتی پێکهاتەکانی خۆیان بکەن، ئەوانە کادیرە سەرەکییەکانی پارتی دیموکراتیی کوردستان بوونە و بەناوی پێکهاتەکان هاتوونەتە پەرلەمانی کوردستان".
لوقمان وەردی گوتیشی: "ئەوەی ئێمە جەختی لەسەر دەکەینەوە ئەوەیە کە پێکهاتەکان نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان بن و لەلایەن خۆیانەوە هەڵبژاردنییان بۆ بکرێت، داکۆکی لە مافە کولتووری و ڕۆشنبرییەکانی خۆیان بکەن نەک ببن بە بەشێک لە ململانێی هێزە سیاسییەکان، ئەوەی ئێمەش داوای دەکەین لە بەرژەوەندی خودی پێکهاتەکانە، چونکە کاتێک لە هەرێمی کوردستان گفتوگۆمان لەم بابەتە کرد و نەگەیشتینە ڕێککەوتن، پەنامان بۆ دادگای فیدڕالی برد بۆ ئەو پرسە لەوێ یەکلایی بکرێتەوە".
پەرلەمانتار لە فڕاکسیۆنی پارتی گەشەپێدانی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان-عێراق، سارا چاوشلی لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "سەبارەت بەم بابەتە، چەندین کۆبوونەوەمان کردووە لەگەڵ ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆنسوڵخانەکان لە هەرێم، تێبینی و داواکارییەکانمان وەک تورکمان و وەک پێکهاتەکانیش گەیاندووەتە ئەوان، داواکارییەکانیش بریتیین لەوەی کە ئێمە لەگەڵ سیستەمی یەک بازنەیین بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوە نین کە کورسی پێکهاتەکان دابەش بکرێن و ئێمە لەمبارەیەوە هەڵوێستمان ڕوونە".
سارا چاوشلی گوتیشی: "بەداخەوە پێکهاتەکانییان کردووەتە هۆکارێک لە کێشە ناوخۆییەکانی دوو حزبی دیاریکراو، پێکهاتەکان کاریگەری نەرێنیان لەسەر هەرێم نەبووە، بە پێچەوانەوە پێکهاتەکان بوونەتە هۆی چارەسەرکردنی کێشەکان و پێکەوەژیانیی لە هەرێم".
سارا چاوشلی لەبارەی پاساوی سکاڵاکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گوتی: "بە دڵنیاییەوە ئەم بۆچوونە هەڵەیە کە (پێیانوایە پێکهاتەکان نوێنەرایەتی حزبێکی دیاریکراو دەکەن)، پێکهاتەکان خەڵکی ڕەسەنی ئەم وڵاتەن، لە پەرلەمانی کوردستانیش چەندین پڕۆژەمان پێشکەش کردووە، هیچ بنەمایەک نیە کە ئەوان هەڵسەنگاندن بۆ ئێمە بکەن، بە هەمانشێوە ئێمەش وەڵامی ئەوان دەدەینەوە بەوەی ئێمەش ئەوان بەنوێنەری ڕاستەقینە نازانین".
هاوکات پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی کوردستان-عێراق لە پێکهاتەی کریستیان پێیوایە دادگای فیدراڵی بەر لەوەی هەر بڕیارێک دەربکات، پێویستە بانگی لایەنی پەیوەندار بە بابەتە بکات و بۆچوونییان وەربگرێت و ناکرێت تاکلایەنە بڕیار بدات.
پەرلەمانتار لە فڕاکسیۆنی هاوپەیمانی یەکێتی نەتەوەیی لە پەرلەمانی کوردستان-عێراق، ڕۆمیۆ هەکاری لەمبارەیەوە گوتی: "دەبێت دادگا بەر لەوەی هەر بڕیارێک دەربکات، بۆچوونی لایەنەکان بانگ بکات و بیر و بۆچوونی ئەوان وەربگرێت و ناکرێت تاکلایەنە بڕیار بدات".
ڕۆمیۆ هەکاری گوتیشی: "ئەوەی کە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان باس دەکات من پێموایە هۆکاری سەرەکی ئەدای هەندێک لەو بەڕێزانەی پێکهاتەکانە لە پەرلەمان، هەر ئەمەش یەکێک بووە لە هۆکارەکان بۆ ئەوەی سکاڵا پێشکەش بە دادگای فیدڕالی بکرێت".
ڕۆمیۆ هەکاری گوتیشی: "تێبینی ئێمە لەسەر کۆی بابەتەکە ئەوەیە کە، نوێنەری پێکهاتەکان بە شێوەیەکی فیعلی دەبێت نوێنەری پێکهاتەکانی خۆیان بن".
ئەو ماددانەی لە یاسای ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٢ی ھەڵبژاردندا ھەیە و سەرۆکی فڕاکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، زیاد جەبار سکاڵای کردووە و تانەی لێداوە بریتیین لە: ماددەی یەکەم: پەرلەمانی کوردستان - عێراق لە ١١١ ئەندام پێکدێت. ماددەی نۆیەم: ھەرێمی کوردستانی عێراق بە یەک ناوچەی دەنگدان دادەنرێت. ماددەی ١٥: بۆ ھەرێمی کوردستان، تۆمار بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی سەنتەرەکانی ھەڵبژاردن ئامادە دەکرێن بەپێی ریزبەندیی پیتە ئەبجەدییەکان. ماددەی ٢٢: ھەر کیانێکی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان، بۆی ھەیە لیستێکی تایبەت بە بەربژێرەکانی خۆی لەسەر ئاستی کوردستانی عێراق پێشکێش بکات، کە رێژەیەک ئافرەتی تێدابێت، لە ٣٠% کەمتر نەبێت.
ھاوکات سکاڵای دووەم لەلایەن سەرۆکی فڕاکسیۆنی ڕافدەین لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ئامانج نەجیب شەمعوون تۆمارکراوە و داوا کراوە کە ماددەی ٣٦ی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٢ی ھەموارکراو، بە نادەستووری دابنرێت، کە تایبەتە بە کورسیی کۆتای پێکھاتەکانی "کلدان، ئاشووری، تورکمان و ئەرمەن لە ھەرێمی کوردستان. ھەروەھا داوا کراوە ماددەی ٩ی ھەمان یاسا بە نادەستووری دابنرێت، کە ھەرێم بە یەک ناوچەی ھەڵبژاردن دانراوە.
لە کۆی ١١١ کورسی پەرلەمانی کوردستان، ١١ کورسی کۆتا بۆ پێکھاتەکان تەرخانکراوە بە جۆرێک شەش کورسی بۆ پێکھاتەی کلدان، ئاشووری و ئەرمەن، ھەروەھا پێنج کورسی بۆ پێکھاتەی تورکمان.
هاوکات ڕۆژی سێی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێڕاق ڕایگەیاند کە ناتوانن پڕۆسەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان-عێراق لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدەن و نوسراوێکیان لەمبارەیەوە ئاراستەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کرد.