واشنتۆن
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا (بولەند ئارنج) لە میانی سەردانی بۆ واشنتۆن بەشداری لە کۆبوونەوەی نووسینگەی ناوەندی سیاسەت، ئابوری و کۆمەڵگە لە واشنتۆن کرد و دوای کۆبوونەوەکەش بەشداری رێوەڕەسمی کردنەوەی مارکێتی (سەڕار) لە واشنتۆن کرد.بولەند ئارنج لە کاتی بەڕێوەچوونی رێوەڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: کۆمپانیای (سەڕار) لە (ئەسکیشەھر) دامەزرا و گەورەبوو و سنورەکانی تورکیای تێپەڕاند و ئەمڕۆ لە سەرانسەری جیھان زیاتر لە ٣٠٠ فرۆشگای کردۆتەوە و لە پێنج کێشوەر دەستی بە خزمەتکردن کردووە، کاتێک دەبینین مارکەیەکی تورکی لە سەرانسەری جیھان بە گەرمی پێشوازی لێ دەکرێ، خۆشحاڵ دەبین و شانازی پێوە دەکەین، بۆیە من دەستخۆشی لە خاوەنی ئەو مارکە و کارمەندانی فرۆشگاکانی دەکەم.ئارنج لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی" تورکیا لە ماوەی ساڵانی دواییدا پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و لە ھەر بوارێکدا دەستی بە وەبەرھێنانی بەرھەمی زۆرباش کردووە و ئابووری تورکیا خاوەن نیشانەکانی ماکرۆ ئابورییە (ئابوری وردە یا ئابوری گچکە)، پشت بەخوا زنجیرە فرۆشگاکانی سەڕار لە واشنتۆنەوە دەست پێدەکا و دەگاتە سەرانسەری ئەمریکا، دەبێ تورکەکانی نیشتەجێی ئەمریکا ئاگادار بکرێنەوە فرۆشگای جلوبەرگی مارکەی تورکی کراوەتەوە و بتوانن پەیداویستییەکانی خۆیان لێرە دابین بکەن"