Dlshad Saifaalddin Ahmed
13 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 14 کانوونی یەکەم 2018
سلێمانی – AA
فەرماندەی هێزەكانی 70ی هێزی پێشمەرگە، جەعفەر شێخ مستەفا رایگەیاند، هەرێمی كوردستان پێویستی بە سوپایەكی نیشتمانی یەكگرتوو هەیە، لەئێستاشدا ئەمریكا و وڵاتانی تری هێزەكانی هاوپەیمانان لەنێو وەزارەتی پێشمەرگەن و بەجددی كار لەسەر داڕشتنەوەی ئەو وەزارەتە و دروستكردنی سوپایەكی پێشمەرگەی یەكگرتوو دەكەن.
جەعفەر شێخ مستەفا لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لە بارەی هەوڵەكانی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، هەروەها مەترسییەكانی سەرهەڵدانەوەی داعش و كردەكانی ئەو گرووپە لە چەند ناوچەیەكی عێراق دەكات.
جەعفەر شێخ مستەفا سەرەتا و لە بارەی هەوڵەكانیان بۆ یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لە نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و گواستنەوەیان بۆ سوپایەكی نیشتمانی دوا و گوتی: "هەرێمی كوردستان پێویستی بە سوپایەكی پێشمەرگەی یەكگرتوو هەیە كە ئەو سوپایە پڕچەك و پڕمەشق و ئامادە بێت و لە هەموو روویەكەوە ببێت بە سوپایەكی ستاندارد كە سیمای حزبایەتی پێوە دیار نەبێت و سوپای میلـلەت و حكوومەت بێت، هاوشێوەی وڵاتانی جیهان هەركەس لەسەر دەسەڵات بێت ئەو سوپایە لە شوێنی خۆیدا بێت".
فەرماندەی هێزەكانی 70ی هێزی پێشمەرگە، جەعفەر شێخ مستەفا گوتی: "ئەوەی لە تواناماندا بێت ئەنجامی دەدەین بۆ دروستكردنی ئەو سوپایە. لە كابینەكانی پێشووی حكوومەت 12 تا 14 لیوا كەوتونەتە ژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەكیان گرتووەتەوە لە یەكەكانی 70 و 80 و پێشمەرگەی لایەنەكانی حزبی شیوعی، سۆسیالیست، زەحمەتكێشان و ئەو حزبانەی تر كە خەباتی شاخیان هەبووە، لەئێستادا هیچ رێگرییەكی سیاسی لە بەردەم یەكخستنی ئەو هێزانەدا نییە جگە لە نەبوونی پێداویستی و ئەو رووداوانەی روو دەدەن و هێزەكانی پێشمەرگە پێوەی سەرقاڵ دەبن و ناچار دەبن رووبەڕووی ئەو هەڕەشانە ببنەوە كە رووبەڕووی هەرێمەكەمان دەبنەوە".
جەعفەر شێخ مستەفا كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە و بەشداریی دوایین گفتوگۆی نێوان بەرپرسانی باڵای حزبەكەی و پارتی دیموكراتی كوردستان بووە لە بارەی پرسی پێشمەرگە و یەكخستنەوەی هێزەكانیان لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم گوتی: "پرسی پێشمەرگە بەردەوام پرسێكی گەرم بووە و لە حكوومەتی هەرێم وەزارەتێكی تایبەت دروست بووە بە هێزی پێشمەرگە، ئەمڕۆش هێزەكانی هاوپەیمانان لە ئەمریكا و بەریتانیا و ئەڵمانیا تیمێكی هاوبەشیان هەیە و بەجددی كار دەكەن لەنێو وەزارەتی پێشمەرگە بۆ رێكخستنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و ریفۆرم و داڕشتنەوەی هەیكەلی ئەو وەزارەتە و یەكخستنەوەی یەكەكانی 70 و 80 و دروستكردنی سوپایەكی پێشمەرگەی یەكگرتوو، بۆ ئەو مەبەستەش تا ئێستا هەنگاوی باشیان ناوە".
فەرماندەی هێزەكانی 70ی هێزی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش كرد کە لە حكوومەتی نوێدا كاری جددی دەكرێت بۆ دامەزراندنی ئەو سوپا یەكگرتووە كە بە پێویستییەكی جددی بۆ ئێستای هەرێمی كوردستان ناوی برد.
لە بەشێكی تری لێدوانەكەیدا و لە بارەی مەترسییەكانی سەرهەڵدانەوەی داعش لە ناوچە كێشە لەسەرەكانی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان، فەرماندەی هێزەكانی 70ی هێزی پێشمەرگە، جەعفەر شێخ مستەفا كە پێشتر سەرۆكایەتی بەرەیەكی فراوانی جەنگی دژ بە داعشی لە سنووری كەركووك و دەورووبەری دەكرد لە وەڵامدا گوتی: "داعش هەر هەبووە و لە شارەكاندا نەماوە كە پێشتر لەژێر كۆنترۆڵی ئەودا بووە، ئێستا بە شێوەیەكی ئاشكرا لەو شارانە نەماوە هەرچەندە شانەی نوستوو چالاكی و رۆڵ و كاریگەری هەیە لە دەرەوەی شارەكان و سەر شەقامە سەرەكییەكان لەژێر كۆنترۆڵی داعشدایە، داعش ئێستا چالاكی پەیدا كردووەتەوە و لە هەموو روویەكەوە بەهێز بووە و جۆری شەڕەكانی لە شارەكانەوە بۆ شەڕی پارتیزانی گۆڕیوە لە هەموو لایەكانەوە، بەجۆرێك لە ماوەی شەو و رۆژێكدا چەندین كردەیان هەیە".
جەعفەر شێخ مستەفا ئەوەشی گوت "كردەكانی داعش تەنها لە ناوچەكانی كەركووك نییە، ئەوان لە جەلەولا و سەعدیە و قەرەتەپە و خوورماتوو و مەخموور و قەرەچووخ و شاخی حەمرین و ئەنبار و تكریت و مووسڵ تا دەگاتەوە شنگال بوونیان هەیە و هێز و دەسەڵاتیان هەیە و خاكیان لەژێر دەستدایە، لەبەر ئەوە داعش لەناو نەچووە و رۆژ بە رۆژ دەسەڵاتی زیاتر دەكات و كردەوە و هەڕەشەكانیشی زیاتر دەكات".
فەرماندەكەی هێزی پێشمەرگە كە لە كابینەی پێشووی حكوومەتی هەرێم پۆستی وەزیری پێشمەرگەی هەبووە، باس لەوەش دەكات لە هەموو ئەو ناوچانەی پێشتر لەژێر دەسەڵاتی پێشمەرگەدا بووە ئێستا بۆشایی گەورەی ئەمنی تێیاندا دروست بووە و پێكهاتە جیاجیاكانی دانیشتووانی ئەو ناوچانە دۆخیان لە مەترسیدایە، هەروەها لە نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان هەندێك بۆشایی هەیە لە لایەن داعشەوە كراوەتە شوێن پێی خۆیان و هێزەكانی پێشمەرگە لە زۆربەی ئەو ناوچانەدا هێڵێكی بەرگریان بەرامبەر دروستكردوون.
فەرماندەی هێزەكانی 70ی هێزی پێشمەرگە، جەعفەر شێخ مستەفا ئەوەشی گوت: "عێراقییەكان تا ئێستا رێگربوون لە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە، بەڵام ئەمریكا زۆر بەجددی كار دەكات بۆ ئەوەی كە ئەمنیەتی ناوشارەكان بە پۆلیسی ناوخۆیی و ئاسایش بسپێردرێت و لە دەرەوەی شارەكانیش هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانان ژووری عەمەلیات و هێزی هاوبەش دروست بكەن و رووبەڕووی داعش ببنەوە لەو ناوچانەدا".
ئەو باس لەوەش دەكات، هەر ناكۆكی و گرژییەك لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان زیاتر رێگە بۆ دوژمنەكانیان خۆش دەكات بێنە ناوچەكەوە، بۆیە داوای كرد كێشەی ناوخۆیی وەلاوە بنێن و بە یەكگرتووی رووبەڕووی ئەو مەترسییانە ببنەوە تاوەكو ئەو هەڕەشانە نەپەڕنەوە بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.