Aladdin Mustafaoğlu
06 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 07 کانوونی یەکەم 2022
کەرکووک – AA
یەکەم گەشتى ئاسمانیی لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى کەرکووکەوە بۆ ئەنقەرە پایتەختى تورکیا ئەنجامدرا.
بەڕێوەبەرى راگەیاندنى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى کەرکووک، هەردى سەمەد لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند، کاتژمێر ١٧:٠٠ی دوێنێ دووشەممە، یەکەم گەشتى ئاسمانیی لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى کەرکووکەوە بۆ ئەنقەرە پایتەختى تورکیا ئەنجامدراوە.
ئاماژەی بەوەیش دا کە وەک سەرەتا، هەفتانە یەک گەشتی ئاسمانیی لە فڕۆکەخانەی نێودەوەڵەتیی کەرکووکەوە بۆ ئەنقەرە پایتەختی تورکیا ئەنجام دەدرێت.
هەردى سەمەد باسی لەوەش کرد کە لە رۆژانی داهاتوودا، ژمارەى گەشتەکان لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى کەرکووکەوە بۆ ئەنقەرە زیاتر دەکرێن.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک کە پێشتر وەک بنکەی سەربازیی بەکاردەهێنرا لە رێوڕەسمێکدا لە ١٦ی تشرینی یەکەمدا بە فەرمی کرایەوە و لە ٢٠ی تشرینی یەکەمەوە، گەشتە دەرەکییەکان و گەشتی کار لێیەوە دەستی پێ کرد.
رۆژی سێی تشرینی دووەم کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی تورکیا دەست پێکردنی گەشتەکانی لە ئیستانبوڵ بۆ شاری کەرکووک راگەیاندبوو.