Ekip
18 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 19 حوزەیران 2022
مەدرید- AA
یەکەم شەپۆلی گەرمای هاوین، لە وڵاتانی رۆژئاوای ئەورووپا ژمارەی پێوانەیی تۆمار کرد و ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروست کرد.
هەر بەهۆی گەرماشەوە لە وڵاتانی رۆژئاوای ئەورووپا، زەنگی مەترسیداری پرتەقاڵی لێدرا کە تایبەتە بە دووەم قۆناغی دۆخی لەناکاو، هۆکاری ئەو شەپۆلە بەهێزەی گەرماش دەگەڕێندرێتەوە بۆ گۆڕانی کەش و هەوا، سوتانی دارستانەکان و وشکەساڵی.
- ئیسپانیا
ئەمساڵ گەرمترین حوزەیرانی ٢٠ ساڵی رابردووە لە ئیسپانیا، بەتایبەت لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا پلەکانی گەرما لەهەندێک ناوچەی وەک ئیشبیلیا، قوڕتوبە و ئەندەلوس، پلەکانی گەرما گەیشتوونە ٤٤ پلە، هەروەها لە مەدریدی پایتەخت پلەکانی گەرما ٤١ پلەیە.
- فەڕەنسا
بەهۆی ئەوەی لە فەڕەنسا پلەکانی گەرما گەیشتوونەتە ٤١ پلە لە ١٤ پارێزگا زەنگی سوور و لە ٥٦ پارێزگا زەنگی پرتەقاڵی لێدراوە.
- ئەڵمانیا
فەرمانگەی کەشناسی ئەڵمانیا، ئەوەی راگەیاند کە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا پلەکانی گەرما لە رۆژدا لە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی ئەڵمانیا، دەگەنە ٣٨ پلە و لە شەویشدا پلەکانی گەرما لە ٢٠ پلە کەمتر نابن.
- بەلجیکا
لە بەلجیکا ئەو شەپۆلی گەرمایەی لە باشووری ئەو وڵاتەوە هاتووە وا دەکات پلەکانی گەرما بۆ ٣٥ پلە بەرزببنەوە، ئەمەش بۆ مانگی حوزەیران ژمارەیەکی پێوانەییە.
- بەڕیتانیا
لە بەڕیتانیا سێ رۆژی یەک لە دوای یەک بەرزترین پلەی گەرمای ساڵ تۆمار کرا.
پلەی گەرما لە ١٧ی حوزەیراندا لە شاری سافۆلکی رۆژهەڵاتی بەڕیتانیا ٣٢،٧ پلە بوو، هەروەها لە هەندێک ناوچەی لەندەن پلەی گەرما گەیشتە ٣٢،٤ پلە.