Selen Temizer
14 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 15 حوزەیران 2021
بڕۆکسل - AA
یەکێتیی ئەورووپا ئەو هێرشەی کە کرایە سەر نەخۆشخانەی شیفا لە شاری عەفرین باکووری سووریا و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر مەدەنی گیانیان لەدەستدا، سەرکۆنە و ئیدانە کرد.
لەو بارەیەوە، نووسینگەی نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆڕێڵ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا رایگەیاند: ''یەکێتیی ئەورووپا ئیدانەی ئەو هێرشە دەکات کە لە ١٢ی حوزەیراندا کرایە سەر نەخۆشخانەی شیفا لە عەفرین باکووری سووریا و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا کە کارمەندانی تەندروستیی و نەخۆشەکانیشیان لەنێودایە''.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە هێرشەکە بە ئاشکرا پێشێلکردنی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتییە، هاوکات پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادەی قوربانییەکان کراوە.
ئەوەی مایەی سەرنجە لە راگەیەندراوەکەدا، هیچ باس لە ئەنجامدەری هێرشەکە نەکراوە.
لە ١٢ی حوزەیراندا رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/یەپەگە لە تەل رەفعەت-ەوە هێرشی کردە سەر نەخۆشخانەی شیفا لە شاری عەفرین کە تیایدا چارەسەری هاووڵاتییانی مەدەنی دەکرا و لە ئاکامدا، ١٤ کەسی مەدەنی کە یەکێکیان منداڵێکی ساوا بوو گیانیان لەدەستدا و ٣٢ کەسیش برینداربوون.