Zana Natık Kerem
10 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 11 ئادار 2021
ھەولێر ــ AA
باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە بەغدا، مارتن ھوس خۆشحاڵی خۆی نیشاندا سەبارەت بە بانگەوازەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بۆ سازکردنی گفتوگۆیەکی نیشتمانیی بە ئامانجی چارەسەرکردنی ریشەیی سەرجەم کێشە و ناکۆکییەکان.
مارتن ھوس لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیوویەتی "سەبارەت بە بانگەوازەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بۆ سازکردنی گفتوگۆیەکی نیشتمانیی بە ئامانجی چارەسەرکردنی ریشەیی سەرجەم کێشە و ناکۆکییەکان خۆشحاڵین، بەڵام گرنگە سەرجەم لایەنەکان بەشداری لەو گفتوگۆیەدا بکەن".
باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە بەغدا، مارتن ھوس ئەوەی وەبیرھێناوەتەوە کە یەکێتیی ئەورووپا پاڵپشتیی لە بیرۆکەی پتەوترکردنی پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و ھاووڵاتییبوون لە عێراق کردووە و نووسیوویەتی:
"یەکێتیی ئەوروپا ئامادەییە، یارمەتیی بۆ سازکردنی گفتوگۆیەکی لەو شێوەیە لە عێراق، پێشکەش بکات".
رۆژی دووشەممەی رابردوو، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی داوای سازکردنی گفتوگۆیەکی نیشتمانیی کردبوو، ئەوەیش بەئامانجی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لەنێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە یەکپارچەیی خاکی عێراق بپارێزێت و کێشە کەڵەکەبووەکان بەشێوەیەکی ریشەیی چارەسەر بکات.