جيهان

ھەولێر.. کتێبخانەی ماڵی وەفایی سووتێندرا

- خاوەنی ماڵی وەفایی، سۆران عەزیز: "پێشتریش فەرهاد پیرباڵ بە تەلەفۆن و بەڕاستەوخۆش هەڕەشەی لە ئێمە کرد و هەڕەشەکانمان گەیاند بە پارێزگار و پۆلیس، ئەوانیش گوتیان باوەڕ ناکەین شتێکی وا رووبدات".

Heman Hussein Yaseen Yaseen  | 14.07.2019 - نوێکردنەوە : 17.07.2019
ھەولێر.. کتێبخانەی ماڵی وەفایی سووتێندرا

Arbil

هەولێر - AA

شەوی رابردوو ماڵی وەفایی تایبەت بە فرۆشتنی کتێب، چالاکی ئەدەبی، بڵاوکردنەوە و چاپکردنی کتێب، سووتا و خاوەنەکەیشی، نووسەر فەرھاد پیرباڵ تۆمەتبار دەکات.

خاوەنی ماڵی وەفایی لە ھەولێر، سۆران عەزیز راگەیاند کە بە ھۆی ئەوەی کێشەی چاپکردنی کتێبی ھەبووە، بۆیە زیاتر لە ھەفتەیەکە، فەرھاد پیرباڵ ھەڕەشەی سووتاندنی کتێبخانەکە دەکات و ئاشکرایشی دەکات کە ئەوان پۆلیسیان لە هەڕەشەکان ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام گوێیان بۆ نەگیراوە.

سۆران عەزیز لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو کەسەی کە کتێبخانەکەی سووتاندووە، فەرهاد پیرباڵ بووە و راستەوخۆ ڤیدیۆی سووتاندنەکەیشی بڵاوکردووەتەوە بە پاساوی ئەوەی گوایە کێشەی لەگەڵ بەرپرسێکی ئەم وڵاتە هەیە و دەستی بەوان ناگات و پەلاماری ئێمە دەدات".

سۆران عەزیز گوتیشی: "پێشتریش فەرهاد پیرباڵ بە تەلەفۆن و بەڕاستەوخۆش هەڕەشەی لە ئێمە کرد و هەڕەشەکانمان گەیاند بە پارێزگار و پۆلیس، ئەوانیش گوتیان باوەڕ ناکەین شتێکی وا رووبدات کە بەداخەوە حاڵەتەکە بەشەو روویدا و کتێبخانەکەی سووتاند، هەروەها پێشتریش نامەمان بۆ بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری ناردووە تا ئێستاش وەڵامی نامەکەی نەداوەتەوە".

لەبارەی زەرەر و زیانەکانی ناو کتێبخانەکە، سۆران عەزیز گوتی: "هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام نزیکەی پێنج هەزار ناونیشانی تیادایە کە بەشێکی سووتاوە و تا ئیستا هیچ لایەنێک بەهانامانەوە نەهاتووە و ئێمە سکاڵای خۆمان تۆمارکردووە".

ماڵی وەفایی دەکەوێتە گەڕەکی ئەندازیاران باکووری خۆرئاوای شاری ھەولێر لە نێوان شەقامی سەد مەتری و چل مەتریدایە و بە شێوەیەکی بەردەوام چالاکی ئەدەبی لێ ئەنجام دەدرێت.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın