Zana Natık Kerem
07 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 08 تەمووز 2021
ھەولێر ــ AA
ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش رايگەیاند کە لەگەڵ ھێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامن لە پێکەوە کارکردن بە ئامانجی بەرپەرچدانەوەی ھێرشەکان.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش، واین مارۆتۆ لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیوویەتی: "بەردەوامین لە پاڵپشتیکردنی ھاوبەشەکانمان لە ھەرێمی کوردستان و ھێزەکانی پێشمەرگە".
واین مارۆتۆ راشیگەیاندووە "لەگەڵ ھێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامین لە پێکەوە کارکردن بە ئامانجی بەرپەرچدانەوەی ھێرشەکانی دژبە ھەرێمی کوردستان و گەلەکەی".
ئەمەیش دوای ئەوەی دێت کە شەوی رابردوو، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو ھێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر.
لای خۆیەوە دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاندبوو کە ھێرشەکە، زیانی گیانی و ماددەی نەبووە.