جيهان, عێراق

گەشتە ئاسمانیەکانی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی دەستیان پێکردەوە

دوای داخستنی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی و هەولێر و پاش زیاتر لە ٥ مانگ داخستنیان، ئەمڕۆ یەکەم گەشتی ئاسایی لە فڕۆکەخانەکانەوە بۆ دەرەوەی هەرێم و بەپێچەوانەوە دەستی پێکردەوە.

Rewa Mahmood Hasan  | 01.08.2020 - نوێکردنەوە : 02.08.2020
گەشتە ئاسمانیەکانی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی دەستیان پێکردەوە

As Sulaymaniyah

سلێمانی - AA

دوای داخستنی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی و هەولێر و پاش زیاتر لە ٥ مانگ داخستنیان، ئەمرۆ یەکەم گەشتی ئاسایی لە فڕۆکەخانەکانەوە بۆ دەرەوەی هەرێم و بەپێچەوانەوە دەستی پێکردەوە.

بەپێی بڕیارێکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی و وەک رێکارێک بۆ بەرگرتن لە هاتنە ناوەوەو تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، ماوەی ٥ مانگ هەموو گەشتە ئاساییەکان لە فڕۆکەخانەکانی عێراق داخران و ئەمڕۆ دوای بڕیاری کردنەوەکە، یەکەم گەشتی فڕۆکەخانەکان لە هەولێر و سلێمانی بۆ دەرەوەی وڵات و بەپێچەوانەوە دەستیان پێکردەوە.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە ئەمڕۆ لە فرۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانیدا ئەنجام دران ئاماژە بە کردنەوەی فڕۆکەخانەکان کران لەگەڵ ئەو مەرج و رێکارانەی کە دەبێت گەشتیاران پابەندیان بن خرانە ڕوو.

سەرەتا بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی تاهیر عەبدوڵڵا لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا رایگەیاند کە دەستپێکردنەوەی گەشتەکان بۆ ئاساییکردنەوەی ژیانە و بۆ ئەو مەبەستە چەند رێکارێک دەگیرێنە بەر کە دەبێت گەشتیار پابەندبێت پێیانەوە لەوانە، هاتنی گەشتیار ٤ کاتژمێر پێش کاتی گەشتەکەی، ئەنجامدانی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەجۆری pcr کە ٤٨ کاتژمێر بەسەردا تێپەڕی نەکردبێت، لەگەڵ چەند رێنماییەکەی تر.

بەپێی زانیاریەکان لە فرۆکەخانەی هەولێرەوە گەشتەکان بەم شێوەیە دەبن:

یەکەمین گەشت لە کاتژمێر ١١:٤٠ لە هەولێرەوە بۆ بەغدا دەبێت، گەشتی دووەم لە کاتژمێر ١٢:٠٠ بۆ ئۆکراینا دەبێت، گەشتەکانی دیکەش بەپێی ئەو خشتەیە دەبن کە دەستنیشانکراوە، لەوانە لە کاتژمێر ١٨:١٠ گەشتێک لە ئەنقەرەوە بۆ هەولێر دەبێت، بە پێچەوانەوەش گەشتی هەولێر- ئەنقەرە لە کاتژمێر ١٩:١٠ دەبێت، لە کاتژمێر ٢٠:٠٠ یش گەشتێک لە هەولێرەوە بۆ ئیمارات دەکرێت.

پێشتر بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە بڕیاری دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق، لە ١٧ی ئازاری ئەمساڵ گەشتە ئاسمانییەکان لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان راگیران، لە ماوەی رابردوودا تەنیا رێگە بە گەشتی فڕۆكەكانی كارگۆ، سەربازی، دیپلۆماسی، گەشتە ناچارییەكانی هاتنەوەی هاووڵاتیان لە دەرەوەی وڵات دراوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın