جيهان

"گواستنەوەی تیرۆریستانی داعش بۆ عێراق مەترسی ئەشکەنجەدانیان لێ دەکرێت"

- رێکخراوی ھیومان رایتس وۆچ: "گواستنەوەی تیرۆریستە دەستگیرکراوەکانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق، مەترسیی ئەوەی ھەیە ئەشکەنجە بدرێن"

Zana Natık Kerem  | 05.03.2019 - نوێکردنەوە : 06.03.2019
"گواستنەوەی تیرۆریستانی داعش بۆ عێراق مەترسی ئەشکەنجەدانیان لێ دەکرێت"

Baghdad

لەندەن ــ AA

رێکخراوی ھیومان رایتس وۆچ رایگەیاند کە گواستنەوەی تیرۆریستە دەستگیرکراوەکانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق، مەترسیی ئەوەی ھەیە ئەشکەنجە بدرێن، داواشی لەو وڵاتانە کرد کە ئەو ھاووڵاتییانەیان لە ریزەکانی داعش شەڕیانکردووە لەئێستادا دەستگیرکراون وەربگرنەوە و بیانگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانیان بۆ ئەوەی داداگایەکی دادپەروەرانەیان بکەن.

لە راپۆرتێکدا رێکخراوی ھیومان رایتس وۆچ ئاماژەی بەوەداوە کە لە میانی چەند ھەفتەی رابردوودا، ٢٣٠ی تیرۆریستی داعش گواستراونەتە عێراق دوای ئەوەی لە سووریا دەستگیرکرابوون کە زۆربەیان ھەڵگری رەگەزنامەی عێراقن.

ھیومان رایتس وۆچ ئاشکرای کردووە، ١٣ تیرۆریستی داعش کە ھەڵگری رەگەزنامەی فەڕەنسان لەنێو ئەو تیرۆریستانەی داعش بوون کە لە میانی چەند هەفتەی رابردوودا لە سووریاوە گواستراونەتەوە بۆ عێراق.

لە راپۆرتەکەدا، رێکخراوی ھیومان رایتس وۆچ ئاماژەی بەوەشداوە ھەست بە نیگەرانی دەکات لە ھەمبەر ئەو رێوشوێنانە کە لە بەرامبەر تیرۆریستانی داعش دەگیرێنەبەر کە گواستراونەتەوە بۆ عێراق و پرسیاری ئەوەی کردووە "ئایە ئەو کەسانە لە عێراق لە کوێ دەستبەسەر دەکرێن؟".

لە ٢٥ی مانگی شوباتی رابردوو سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح رایگەیاندبوو سیستەمی دادوەریی وڵاتەکەی بەپێی یاساکانی عێراق ئەو ١٣ تیرۆریستەی داعش دادگایی دەکات کە ھەڵگری رەگەزنامەی فەڕەنسان.

پێشتر ژمارەیەک وڵاتی ئەورووپا رایانگەیاندبوو ئەو هاووڵاتییانەیان کە لە ریزەکانی داعش شەڕیانکردووە و لەئێستادا دەستگیرکراون، وەرناگرنەوە.

ھیومان رایتس وۆچ روونیکردووەتەوە کە گواستنەوەی تیرۆریستە دەستگیرکراوەکانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق، مەترسی ئەوە ھەیە ئەشکەنجە بدرێن، بۆیە پڕۆسەی گواستنەوەکە پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتییە.

لە راپۆرتەکەدا، رێکخراوی ھیومان رایتس وۆچ راشیگەیاندووە کە لەژێر ھەر رەوشێکدا بێت دژی سزای لەسێدارەدانە لە ھەموو وڵاتان، بەڵام ئەوەی بە تایبەت لە عێراق بەدیکراوە، دادگاییکردنی گومانلێکراوانی داعش وەک پێویست نەبووە، تەنانەت مەرجە سەرەکییەکان لە پڕۆسەی دادگاییکردنەکاندا بەدی نەکراوە، بۆیە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان جێگەی نیگەرانییە، بەشێوەیەکی تایبەت.

ھیومان راتیس وۆچ ئاماژەی بەوەشداوە، بێدەنگی فەڕەنسا کە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپایە جێگەی داخە، چونکە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە ئەوەیە، سزای لەسێدارەدان لە جیھان بە تەواوی رابگرێت و نەھێڵدرێت، کەچی ژمارەیەک لە ھاووڵاتییانیی بە ھۆی ئەندامبوونیان لە داعش لە دادگاکانی وڵاتانی دیکە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەردەکرێت و ئەویش بێدەنگە.

رێکخراوی ناوبراو داواشی لەو وڵاتانە کرد ئەو ھاووڵاتییانەیان کە لە ریزەکانی داعش شەڕیانکردووە لەئێستادا دەستگیرکراون وەربگرنەوە و بیانگەڕێننەوە بۆ وڵاتەکانیان بۆ ئەوەی داداگایەکی دادپەروەرانەیان بکەن، ئەگەر نا با فشار بخەنە سەر حکوومەتی عێراق بۆ ئەوەی رێوشوێنی بەپەلە بگرێتەبەر بۆ باشکردنی شێوازی دادگاییکردنەکان.

حکوومەتی عێراق بەردەوام ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە کە لە لایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ ئاراستەی دەکرێت و جەختیکردووەتەوە کە بەپێی دەستوور و بەشێوەیەکی دادپەروەر مامەڵە لەگەڵ سەرجەم بەندکراوەکاندا، دەکات.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın