Abdullah Shukur
18 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 19 کانوونی یەکەم 2017
رامەڵڵا - AA
سەرۆکی فەڵەستین، مەحموود عەباس رایگەیاند کە فەڵەستینییەکان یەکگرتوون لە پێناو پاراستنی قودس، وەک شوێنی پیرۆزی مووسڵمانەکان و کریستیانەکان .
بەپێی هەواڵێکی لە ئاژانسی WAFAی فەرمی فەڵەستین، مەحموود عەباس ئەمڕۆ لە بارەگای سەرۆکایەتی خۆی پێشوازی لە سەرۆکی کلێساکانی قودس کردووە. عەباس لەو شوێنە گوتوویەتی: "گشت جیھان و مافەکانی نێودەوڵەتی، شاری قودس وەک پایتەختی دەوڵەتی فەڵەستین قبوڵ دەکەن".
عەباس جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە ئەوان وەک گەلی فەڵەستین یەکریز و یەکگرتوو دەبن. گوتیشی: "یەکگرتوو دەبین لە پێناو پاراستن و بەرگری لە کریستیانەکان و مووسڵمانەکان".
سەرۆکی فەڵەستین مەحموود عەباس راشیگەیاندووە کە لە پرسی شوێنە ئاینییەکان، لە ھەماھەنگی دا دەبن لەگەڵ وڵاتی ئوردن.
عەباس باسی لە پرسی ناساندنی قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل و گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تەلئەبیبەوە بۆ شاری قودس کرد و گوتی: "لێدوانەکانی ئەم دواییە، مێژووی ھەموومان بە ھیچ دادەنێ".
- نیو سەدەیە قودس لە ژێر داگیرکارییدایە.
چەند رۆژێک لەمەوبەر، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بڕیاری ژمارەی ٤٧٨ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ساڵی ١٩٨٠ کە دانی بە راگەیاندنی قودسی رۆژھەڵات وەک پایتەختی ئیسرائیل دا نەنا، پێشێل کرد و قودسی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند و گوتی: "کاتی ئەوە ھاتووە بە فەرمی دان بە قودس دابنێین وەک پایتەختی ئیسرائیل".
ھەروەھا ترەمپ راگەیاند کە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی راسپاردووە بۆ دەستکردن بە ئامادەکارییەکانی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە شاری تەلئەبیبەوە بۆ قودس.
ئیسرائیل لە پێنجی حوزەیرانی ١٩٦٧ەوە قودسی رۆژھەڵاتی داگیرکردووە. لە ساڵی ١٩٨٠وە تاکلایەنە بەشی رۆژھەڵات و رۆژئاوای شارەکەی وەک "پایتەختی یەکگرتوو" راگەیاندبوو.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە پەسەندکردنی بڕیاری ژمارە ٤٧٨ لە ساڵی ١٩٨٠ راگەیاندنی قودسی بە پایتەختی ئسرائیل، رەتکردەوە.
بە پێی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە ئەمریکاشەوە دان بەوە دادەنێن کە قودسی رۆژھەڵات لە ژێر داگیرکاریدایە. سەرجەم ئەو وڵاتانەی دان بە ئیدارەی ئیسرائیل دادەنێن باڵیۆزخانەکانیان لە تەلئەبیبە و، ھیچ وڵاتێک دان بەوە دانانێت کە قودس یان بەشی رۆژھەڵات یان رۆژئاوای شارەکە پایتەختی ئیسرائیلە.