Mücahit Aydemir
04 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 04 ئەیلوول 2020
تەڕابلوس - AA
هۆزى قەزازفە لە شارى سیرتى ليبيا، داواكاريى وەرگرتنى "دييە، پارەى خوێن"ى ميليشياكانى سەربە خەليفە حەفتەريان رەتكردەوە كە لە بەرامبەر كوشتنى گەنجێكى سەر بەهۆزەكە پێشكەشيان كردبوو.
گوتەبێژى فەرمانگەى ئۆپەراسيۆنە هاوبەشەكانى سیرت و جوفرە سەر بە سوپاى ليبيا جەنەڕاڵ عەبدولهادى دەڕاح، لەسەر ئەو بابەتە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانى ئەنجامدا.
جەنەڕاڵ دەڕاح گوتى، "شاندێك كە لە راجمەوە (ناوەندى هێزەكانى حەفتەر لە بنغازى) هاتوون و بڕى ٣٠٠ هەزار دينار (نزيكەى ٥٠ هەزار دۆلار)يان وەكو پارەى خوێنى كوشتنى ناسر عوەيدات بۆ هۆزى قەزازفە هێناوە. بەڵام هۆزەكە، داواى ئازادكردنى سەرجەم ئەندامانەكانى كرد و داواكارييەكەيان رەتكردەوە".
- گرژييەكانى نێوان ميليشياكانى حەفتەر و قەزازفە لە سرت
هۆزى قەزازفە، كە سەرۆكى پێشووى ليبيا موعەممەر قەزافى-ش سەر بەو هۆزە بوو، يەكێكە لە هۆزە گەورەكانى ليبيا.
لەم دواييانەدا لە سیرت، گرژى لە نێوان سەربازە بە كرێگيراوەكانى حەفتەر و ئەندامانى ئەو هۆزە دەستيپێكردووە و لە ٢٥ى ئابدا هێزەكانى حەفتەر گەنجێكى سەر بە هۆزەكەيان بە ناو ناسر عوەيدات كوشتووە و چەند ئەندامێكى هۆزەكەشيان دەستگيركردووە.
هەر لە دواى ئەم رووداوە، ئەنجوومەنى هۆزى قەزازفە، هەفتەى رابردوو لە روونكردنەوەيەكدا كشانەوەى پاڵپشتى خۆيان لە خەليفە حەفتەر راگەياندبوو و داوايان لەسەرجەم ئەندامانى هۆزەكە كردبوو لە رێزەكانى حەفتەر دەربچن.