Esat Fırat
30 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 30 ئاب 2021
قودس - AA
سەرۆکی دەسەڵاتدارێتی فەڵەستین، مەحمود عەباس لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، بێنی گانتز باسی لە پەیوەندییەکانی ئیسرائیل-فەڵەستین کرد.
سەرۆکی دەستەی گشتیی کاروباری مەدەنیی فەڵەستین، حوسێن شێخ کە بەرپرسە لە پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرۆکی دەسەڵاتدارێتی فەڵەستین، مەحمود عەباس پێشوازیی کردووە لە وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، بێنی گانتز.
حوسێن شێخ باسی لەوە کردووە کە کۆبوونەوە دووقۆڵییەکە لە شاری رامەڵڵا لە کەناری خۆرئاوای داگیرکراو بەڕێوەچووە.
لە کۆبوونەوەکەدا، پەیوەندییەکانی فەڵەستین-ئیسرائیل تاوتوێکراوە و ئەو پەیوەندییانە بە هەموو ئاراستەکانییەوە خراونەتە بەر باس.
ئەوەی بووە مایەی سەرنج کۆبوونەوەی نێوان گانتز و عەباس دوای ئەو هات کە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، نافتالی بێنێت لە میانی سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا باسی لەوە کردبوو کە حکوومەتەکەی رێگە بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەڵەستین نادات.
لەلایەکی دیکەوە لە کاتێکدا لە سنووری کەرتی غەززەی گەمارۆدراو لەگەڵ ئیسرائیل سەرلەنوێ خۆپیشاندان دژبە ئیسرائیل بەڕێوەدەچێت و لە قۆناغێکدا کە رووداوەکان لە زیادبووندان، کۆبوونەوەیەکی باڵا لەنێوان لایەنەکانی ئیسرائیل و فەڵەستین ئەنجام دەدرێت.
سەرۆکی ئیسرائیل، ئیسحاق هێرزۆگ لە ١٢ی تەمووزی رابردوودا بە سەرۆکی دەسەڵاتدارێتی فەڵەستین، مەحمود عەباس-ی راگەیاندبوو کە بەنیازی سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی دیالۆگی نێوانیانن.
بەهۆی ئەوەی ئیسرائیل رەزامەند نەبوو لەسەر ''دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەڵەستینی بەپێی سنوورەکانی ١٩٦٧، پێدانی مافی گەڕانەوەی بەو فەڵەستینییانەی لەلایەن جوولەکەکانەوە لەسەر زەوییەکانیان دەرکراون و کۆتاییهێنان بە دروستکردنی یەکەی جوولەکە نشینی نایاسایی'' کۆبوونەوەکانی ئاشتیی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین لە مانگی نیسانی ٢٠١٤دا راگیران.