Ali Kemal Akan
06 شوبات 2025•نوێکردنەوە: 09 شوبات 2025
ئەنقەرە - AA
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، نوعمان کورتوڵموش ڕایگەیاند: "داماڵی غەززە لە فەڵەستینییەکان؛ ئیدی ئەوەی شاردبوویانەوە ئاشکرایان کرد، داماڵینی کەرتی ڕۆژئاوا لە فەڵەستینییەکان پێشێلکارییە بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ و یاسا و لۆژیکی نێودەوڵەتیی، عەقڵانی نییە و تەنیا خەونێکە کە هەرگیز بەدی نایەت".
کورتوڵموش لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەحرەین، ئەحمەد ئال موسەلەم کە بە سەردانێکی فەڕمی لە تورکیایە کۆبووەوە.
نوعمان کورتوڵموش و ئال موسەلەم لە پاش کۆبوونەوەی دووقۆڵی و نێوان شاندەکان، لە هۆڵی ڕێوڕەسمەکانی پەرلەمان، پرۆتۆکۆلی هاریکاریی نێوان پەرلەمانی تورکیا و ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەحرەنیان واژوو کرد، پاشان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشیان ساز کرد.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کورتوڵموش، ئاماژەی بە لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کرد سەبارەت بە غەززە و، ڕایگەیاند: "هیچ هێزێکی جیهان جا هەر هێزێکی سەربازیی و سیاسیی لە پشت بێت ناتوانێت خاکی فەڵەستین لە فەڵەستینییەکان داماڵێت".
گوتیشی: "داماڵینى غەززە لە فەڵەستینییەکان؛ ئیدی ئەوەی شاردبوویانەوە ئاشکرایان کرد، داماڵینی کەرتی ڕۆژئاوا لە فەڵەستینییەکان پێشێلکارییە بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ و یاسا و لۆژیکی نێودەوڵەتیی، عەقڵانی نییە و تەنیا خەونێکە کە هەرگیز بەدی نایەت".
هەروەها کورتوڵموش ڕایگەیاند: "پێویستە ئەم ستەمەی دژ بە گەلی فەڵەستین دەکرێت کە لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا هەموو جۆرە باجێکی قورسی دا کۆتایی پێبێت، پێویستە ئەو ئاگربەستەی دەستەبەربووە و بە خۆشحاڵییەوە پێشوازیمان لێکرد بە هەمیشەیی بکرێت، لەگەڵ ئەوەی ئەم ئاگربەستە بە درێژخایەن کرا، پێویستە هاوکارییە مرۆییەکان و هاوکاریە تەندروستییەکان کە پێویستن بۆ دانیشتوانی ئەوێ فەراهەم بکرێن".