ژمارەی کوژراوان لە غەززە بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە گەیشتە ٥٨ هەزار و ٧٦٥ کەس

Istanbul
ئیستانبوڵ - AA
لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ٩٨ کەسی دیکە بە هۆی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە گیانیان لەدەستدا، بەوەیش ژمارەی ئەو کەسانەی لە ڕۆژی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣وە تا ئێستا، بەهۆی بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە کەرتەکە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ٥٨ هەزار و ٧٦٥ کەس.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە غەززە، لە ڕاگەیاندراوێکدا نوێترین زانیاری سەبارەت بە قوربانییانی بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیل بڵاو کردەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٩٨ تەرم و ٥١١ بریندار گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکانی غەززە.
لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیلدا کە ئاگربەستەکەی ١٩ی کانوونی دووەمی لە غەززە شکاند و، لە ١٨ی ئادارەوە دەستیپێکردووە، حەوت هەزار و ٩٣٨ هاووڵاتی فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە و، ٢٨ هەزار و ٤٤٤ی دیکەش برینداربوون.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ڕۆژی حەوتی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣وە تا ئێستا، بەهۆی بەردەوامی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ٥٨ هەزار و ٧٦٥ کەس، ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە ١٤٠ هەزار و ٤٨٥ کەس.
ئاماژە بەوەیش دەکرێت کە هێشتا تەرمی هەزاران کەس لەژێر داروپەردووی ڕووخاوی بیناکاندان لە کەرتی غەززە.