ژاپۆن داوا لە چین دەکات دەستبەجێ مانۆڕە سەربازییەکانی لە دەوروبەری تایوان رابگرێت
Tokyo
تۆکیۆ-AA
ژاپۆن داوای لە چین کرد دەستبەجێ مەشق و مانۆڕە سەربازییەکانی لە دەوروبەری تایوان بوەستێنێت.
وەزیری دەرەوەی ژاپۆن، یۆشیماسا هایاشی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا کە میدیا ناوخۆییەکانی وڵاتەکە بڵاویان کردووەتەوە رایگەیاندووە: "داوا لە چین دەکەم دەستبەجێ مانۆڕەکانی لە دەوروبەری تایوان رابگرێت".
پێشتر وەزیری بەرگریی ژاپۆن، نوبو کیشی رایگەیاندبوو، ژمارهیهك مووشهكی ئاڕاستهكراو لهلایهن سوپای چینهوه، له سنوورە ئاوییەکانی ژاپۆن كهوتوونهته خوارهوه.
نوبو کیشی گوتبووشی: "ئەوە یەکەمجارە رووداوێکی لەو شێوەیە رووبدات. ئەمە پرسێکی جددییە کە پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەمان و سەلامەتی گەلەوە هەیە".
وەزیری بەرگریی ژاپۆن روونیشی كردەوە، لەسەر رووداوەكە تۆكیۆ ناڕەزایی دیپلۆماتی داوەتە حكوومەتی چین، لەكاتێكدا پەكین هیچ لێدوانێكی لەبارەی ئەم هەڵوێستەی ژاپۆن نەداوە.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، سوپای چین دەستی بە ئەنجامدانی مانۆڕ و مەشق سەربازیی بە بەکارهێنانی تەقەمەنی راستهقینه کرد لە ئاوەکان و کایەی ئاسمانی تایوان، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک لەبەرامبەر سەردانەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، نانسی پێلۆسی.