İdris Sülün
28 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 28 نیسان 2021
ئەنقەرە- AA
لە نەوەد و سێیەمین رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکاردا، خەڵاتی باشترین دەرهێنەر درایە ژنەدەرهێنەری چینی، جاوۆ تینگ بۆ فیلمی "نۆمادلاند"، فیلمەکەش خەڵاتی باشترین فیلمی پێدرا.
نۆمادلاند، دووەم فیلمە کە دەرهێنەرەکەی ژن بێت و وەک باشترین فیلم خەڵاتی ئۆسکاری پێدرابێت، بەهەمان شێوە جاوۆ یەکەم ژنە دەرهێنەرە کە سپی پێست نەبێت و خەڵاتی ئۆسکاری بەدەستهێنابێت.
جاوۆ تینگ لە دایکبووی شاری پەکین پایتەختی چین-ە و بەم سەرکەوتنەی ناوبانگێکی زۆری لەسەر ئاستی جیهان بەدەستهێنا، بەڵام کەناڵە فەرمییەکانی حکوومەتی چین ئەم سەرکەوتنەیان پشتگوێ خست.
هەروەها ئەو ماڵپەڕ و تۆڕەکۆمەڵایەتییە چینییانەی هەواڵی سەرکەوتنی فیلمی نۆمادلاند-یان بڵاوکردووەتەوە سانسۆر کران.
لە لایەکی دیکەشەوە ئەپڵیکەیشنی "Douban" کە یەکێکە لەو ئەپڵیکەیشنانەی لەلایەن هەوادارانی سینەما زۆرترین بەکارهێنەری هەیە لە بەشی گەڕان ناوی "نۆمادلاند" و "جاوۆ تینگ"ی سانسۆر کردووە و تەواوی ئەو گفتوگۆیانەشی سڕیوەتەوە کە باس لە سەرکەوتنی فیلمەکە دەکەن.
جێی وەبیرهێنانەوەیە لێدوانەکانی مانگی رابردووی ئەو ژنەدەرهێنەرە لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی تۆپی ئاڵتونی، کاردانەوەی توندی حکوومەتی چین-ی بەدوای خۆیدا هێنا.