جيهان

پێنتاگۆن لێكۆڵینه‌وه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ ده‌ستنیشانكردنی ئه‌نجامده‌رانی‌‌ هێرشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدای ته‌واو نەکردووە

گوتەبێژەکەی پێنتاگۆن رایگەیاند: "ھیچ کەسێک ئەو ئاڵنگارییە ئەمنییانەی کە لە ئێستادا ئێران ھۆکاریانە، پشتگوێ ناخات. لەوبارەیەوە ھیچ مامەڵەیەکی سڵەمینەوە ئامێزمان نەبووە. ھیچ کەسیش سەبارەت گەیشتن بە حوکمێک لەبارەی ھێرشەکان، پەلەی نییە".

Kasım İleri  | 23.02.2021 - نوێکردنەوە : 27.02.2021
پێنتاگۆن لێكۆڵینه‌وه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ ده‌ستنیشانكردنی ئه‌نجامده‌رانی‌‌ هێرشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدای ته‌واو نەکردووە

Washington DC

واشنتۆن- AA

ھەفتەیەک بەسەر ھێرشی مووشەکیی بۆسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر کە سەربازانی سوپای ئەمریکای تێدایە و رۆژێک بەسەر ھێرشی سەر ناوچەی سەوزی بەغدادا تێدەپەڕێت بەڵام سوپای ئەمریکا ھێشتا نەیتوانیوە لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بە دەستنیشانکردنی ئەنجامدەرانی پەلامارەکان تەواوبکات.

سەرەڕای ئەوەی پێشتر لە کاتی روودانی ھێرش و پەلاماری ھاوشێوەدا، واشنتۆن لە ماوەیەکی کورتدا پەنجەی تۆمەتی بۆ ئێران و میلیشیا چەکدارە پشتیوانییکراوەکان لەلایەن ئەو وڵاتە رادەکێشا، بەڵام لە ئێستادا بانگەشەی ئەوە دەکرێت وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بەمەبەستی زیان نەگەیاندن بە ھەوڵەکانی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لەپێناو گەڕانەوە بۆ رێککەوتننامەی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران، لێکۆڵینەوە لەبارەی ھێرشەکان درێژ دەکاتەوە.

گوتەبێژی پێنتاگۆن، جۆن کێربی لەمیانی وەڵامدانەوەی پرسیاری رۆژنامەوانان لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەی خۆیدا، سەبارەت بە ھێرشی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر و ناوچەی سەوز، ئاماژەی بەوەکرد کە کارەکان لەوبارەیەوە درێژەیان ھەیە و ھێشتا نەگەیشتوونەتە قۆناغی دەستنیشانکردنی ئەنجامدەرانی ھێرشەکان.

جۆن کێربی وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە لە ھێرشی سەر ئەو بنکە سەربازییانەی کە پێشتر سەربازانی سوپای ئەمریکا تیایاندا جێگیرکرابوو، چەکی ئێرانی بەکارھاتوون، راشیگەیاند: "لە ئێستادا ناتوانم ھیچ ئاماژەیەک بکەم سەبارەت بەوەی کە کێ لەپشت ھێرشەکانەوەیە و کام گرووپانە ئەو ھێرشانەیان ئەنجامداوە".

کێربی جەختی لەوەکردەوە پەلە ناکەن لە دەستنیشانکردنی ئەنجامدەری ئەو ھێرشانە و کاردانەوەی بەرامبەر ئەو پرسیارانەش نیشاندا کە پەیوەست بوون بەوەی پێنتاگۆن لەپێناو زیان نەگەیاندن بە ئەگەری رێککەوتنی نێوان ئیدارەی بایدن و ئێران، نایەوێت پەنجەی تۆمەت بۆ ئێران رابکێشێت لەبارەی ھێرشەکانەوە.

گوتەبێژەکەی پێنتاگۆن رایگەیاند: "ھیچ کەسێک ئەو ئاڵنگارییە ئەمنییانەی کە لە ئێستادا ئێران ھۆکاریانە، پشتگوێ ناخات. لەوبارەیەوە ھیچ مامەڵەیەکی سڵەمینەوە ئامێزمان نەبووە. ھیچ کەسیش سەبارەت گەیشتن بە حوکمێک لەبارەی ھێرشەکان، پەلەی نییە".

جۆن کێربی تیشکی خستەسەر ئەوەش کە حکوومەتی عێراق ھێرشەکانی بە جددیی وەرگرتووە و خواستی نیشانداوە بۆ لێکۆڵینەوە لێیان، لای خۆیەوە ئەمریکاش رێگەی بەوە داوە.

- ھێرشی مووشەکیی بۆ سەر ھەولێر

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە ئەمنییە ئەمریکییەکانەوە دەستکەوتوون، ئێوارەی ١٥ی شوبات ھێرشێک بە ١٤ مووشەک کرایە سەر ھەولێر و فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکەی کە سەربازانی سوپای ئەمریکا تێیدا جێگیرکراون.

لە ئەنجامی ھێرشەکەدا بەڵێندەرێک گیانی لەدەستدابوو، نۆ کەسی دیکە بریندارببوون کە پێنجیان بەڵێندەر،‌ سیانیان سڤیل و یەکێکیان سەربازی سوپای ئەمریکا بوو. دوێنێش یەکێک لە بریندارە سڤیلەکان گیانی لەدەستدابوو.

گرووپێک بە ناوی "سەرایا ئەولیا ئەلدەم" کە پێشتر لە میانی ھێرشەکانی عێراقدا ناوی نەبیستراوە، ئەنجامدانی ھێرشەکەی لە ئەستۆ گرتبوو.

لەدوای رووداوەکەش لە ژمارەیەک لە میدیا ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا بانگەشەی ئەوە کرابوو کە ئێران و گرووپە نزیکەکان لێی، لەپشت ھێرشەکەوەن.

- ھێرشەکانی بەغدا

ئێوارەی ٢٢ی شوبات لە بەغدای پایتەخت ھێرشێک بە دوو مووشەک کرایە سەر ناوچەی سەوز، کە باڵەخانەکانی حکوومەت، پەرلەمان و نێردە دیپلۆماتییەکانی لێیە، و ھیچ زیانێکی لێنەکەوتەوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın