سياسەت, جيهان

پوتین: "هیچ نیگەرانییەکمان لە ئەندامێتی سوید و فینلەندا لە رێکخراوی ناتۆ نییە"

سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین، ئەوەی ئاشکرا کرد کە هیچ نیگەرانییەکیان لەوە نییە سوید و فینلەندا لە ئایندەدا ببنە ئەندامی ناتۆ.

Dmitri Chirciu  | 30.06.2022 - نوێکردنەوە : 01.07.2022
پوتین: "هیچ نیگەرانییەکمان لە ئەندامێتی سوید و فینلەندا لە رێکخراوی ناتۆ نییە"

Aşkabat

عەشق ئاباد - AA

سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین، ئەوەی ئاشکرا کرد کە هیچ نیگەرانییەکیان لەوە نییە سوید و فینلەندا لە ئایندەدا ببنە ئەندامی ناتۆ.

پوتین، لە عەشق ئابادی پایتەختی تورکمانستان و لە میانەی بەشداری کردنی لە شەشەمین لووتکەی وڵاتانی سەر دەریای قەزوین، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.

سەرۆکی رووسیا، باسیشی لە رێککەوتننامە سێقۆڵییەکەی نێوان تورکیا-سوید-فینلەندا، کرد و جەختی لەوەش کردەوە کە وڵاتەکەی لەگەڵ سوید و فینلەندا کێشەی نییە، گوتیشی: "نە کێشەی خاک و نە کێشەی ناکۆکیمان لە نێواندایە. لە پرسی ئەندامێتی فینلەندا و سوید لە رێکخراوی ناتۆ، هیچ شتێک نییە کە مایەی نیگەرانی ئێمە بێت".

لە لایەکی دیکەشەوە پۆتین، هۆشداری لەوەدا کە بەشداری کردنی ئەو دوو وڵاتە لە ناتۆ مەترسیدارە و رایگەیاند: "پێشتر ئەوان هیچ مەترسییەکیان لەسەر نەبوو. بەڵام ئەگەر لە ئێستادا یەکەی سەربازیی لەو وڵاتانە دروست بکرێت، ئەوا ناچارین وەک خۆی بەرپەرچیان بدەینەوە. ئەمە شتێکی ئاشکرایە و پێویستە بەروونی لێی تێبگەن".

سەرۆکی رووسیا، ئاماژەی بەوەشدا کە کێشەی ئەوان لەگەڵ ئۆکراینایە و گوتیشی: "لەگەڵ ئۆکراینا رەوشەکە تەواو جیاوازە. سوید و فینلەندا هیچ خاڵێکی لێکچوونیان لەگەڵ ئۆکراینا نییە. ئەگەر ئەو دوو وڵاتە دەیانەوێت با ببنە ئەندام لە ناتۆ".

ڤلادیمیر پوتین، ناتۆی بە "پاشماوەی جەنگی سارد" ناوبرد و رایگەیاند: "ئەمریکا، ناتۆ وەک ئامرازێکی سیاسەتی دەرەوە بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی مانگە دەستکردەکان، بەکاردەهێنێت".

- ئامانجەکانمان لە ئۆکراینا نەگۆڕاون"

لە بارەی ئەو جەنگەی زیاتر لە چوار مانگە لە نێوان رووسیا و ئۆکراینا، دەستیپێکردوە، پوتین، رایگەیاند: "ئامانجەکانمان لە ئۆکراینا، نەگۆڕاون. بەیانی ٢٤ی شوبات بە ئاشکرا هەموو شتێکم بە وڵاتەکەمان و جیهان، راگەیاند. هیچ شتێکمان بۆسەر ئەم ئامانجانە زیاد نەکردوە و هیچ گۆڕانکارییەکیش بەسەر ئامانجەکانماندا نەهاتوون".

سەرۆکی رووسیا، جەختی لەوەش کردەوە کە لە ئۆکراینا هەموو شتێک بەو شێوەیەی پلانی بۆ داندرابوو دەچێت بەڕێوە و ناشیەوێت لەبارەی کۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەوە هیچ بەروارێک رابگەیەنێت.

پوتین گوتیشی: سوپای رووسیا، بۆردومانی هیچ ئامانجێکی مەدەنی ناکات. ئەنجامدانی وەها کارێکیش پێویست نییە. توانای تەواومان هەیە بۆ ئەوەی بەوردی ئەوە دیاری بکەین کە چی لەکوێیە. لە رێی چەکی هەستیاری دوورهاوێژەوە دەتوانین بگەینە ئامانجەکانمان".

- "لێدوانەکانی سەرۆکوەزیرانی بەڕیتانیا لە بارەی رووداوەکانی ئێستاوە، ناڕاستن"

سەرۆکی رووسیا باسیشی لە ڵێدوانەکەی سەرۆکوەزیرانی بەڕیتانیا، بۆریس جۆنسۆن کرد کە گوتبووی: "ئەگەر سەرۆکی رووسیا ژن بووایە. شەڕ رووینەدەدا". لە وەڵامی ئەم گوتەیەشدا پوتین ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە لە کاتێکدا مارگرێت تاچەر، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەڕیتانیا بوو، ئەو وڵاتە لەسەر دوورگەکانی فاڵکلاند، جەنگی لەگەڵ ئەرجەنتین هەڵگیرساند. گوتیشی: "ئەو کات ژنێك بڕیاری دەستپێکردنی جەنگی دا، دوورگەکانی فاڵکلاند لە کوێ و بەڕیتانیا لە کوێ؟ هۆکاری ئەم جەنگە چاوچنۆکی ئیمپریالیستی و سەپاندنی ئیمپریالیزم، بوو. هەربۆیە لێدوانەکانی سەرۆکوەزیرانی بەڕیتانیا لەبارەی رووداوەکانی ئێستاوە، ناڕاستن".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın