Ali Cura
26 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 27 ئادار 2023
مۆسکۆ – AA
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین رایگەیاند، لەگەڵ چیندا هیچ جۆرە هاوپەیمانییەتێکی سەربازیی دروست ناکەن، بەڵام هەماهەنگییەکانیان لە بواری سەربازیی و تەکنیکییدا پێش خستوون.
پوتین لە میانی هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی "Rossiya-24' لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و چینەوە دوا.
پوتین بە جەختکردنەوە لەوەی کە هەماهەنگییەکانی نێوان رووسیا و چین نەبووەتە هەڕەشە لەسەر خۆرئاوا، گوتی: "لەگەڵ چیندا هیچ جۆرە هاوپەیمانییەتێکی سەربازیی دروست ناکەین، بەڵام هەماهەنگییەکانیان لە بواری سەربازیی و تەکنیکییدا پێش خستوون. ئەمەیشمان نەشاردووەتەوە و شتێکی نهێنی نییە".
سەرۆکی رووسیا سەرنجی خستووەتە سەر ئەوەی کە جگە لە پێشخستنی هەماهەنگی سەربازیی هەردوو وڵات مانۆڕی سەربازیی هاوبەشیان ئەنجام داوە و گوتی: "ئەو مانۆڕانە لەگەڵ وڵاتانی دیکەیشدا ئەنجام دراون، نەک بە تەنها لەگەڵ چین. وێڕای رووداوەکانی دۆنباس، زاپۆریژییا و خێرسۆن بەردەوامین. هەمووی روونە بەڵام ئەمە هاوپەیمانییەتییەکی سەربازیی نییە".
پوتین سەرنجی خستە سەر ئەوە کە تا دێت ئەمریکا هاوپەیمانییەتییەکانی لە رووی سەربازییەوە زیاتر دەکات، گوتی: "پلاندانان بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی ئاسیا-پاسیفیک لە ستراتیجییەتی نوێی ناتۆدایە".