سياسەت, جيهان

پلاسخارت: "بوونی پەیوەندی بنیاتنەر لە نێوان بەغدا و هەولێر کلیلی سەقامگیرییە لە عێراق"

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت رایگەیاند کە ھەموو لایەک کۆکن لەسەر ئەوەی کە ھەبوونی پەیوەندی بنیاتنەر و ئەرێنی لە نێوان بەغدا و هەولێر کلیلی سەقامگیرییە لە عێراق.

Abdullah Abdulmanaf Shukur  | 24.11.2020 - نوێکردنەوە : 25.11.2020
پلاسخارت: "بوونی پەیوەندی بنیاتنەر لە نێوان بەغدا و هەولێر کلیلی سەقامگیرییە لە عێراق"

Arbil

ھەولێر - AA

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت لەبارەی رێککەوتنی شنگال رایگەیاند کە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم، رێککەوتنێکی گرنگ لە نێوان ھەولێر و بەغدا واژوو کراوە و ئەمەش دەبێتە قۆناغێکی نوێ بۆ ھەڵدانەوەی لاپەرەیەکی نوێ بۆ شنگال و شنگالییەکان.

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لە شاری بەغداوە بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.

لەبارەی رێککەوتنی شنگال جێنین ھێنیس پلاسخارت گوتی: "واژووکردنی ئەم رێککەوتنە تەنھا ھەنگاوی یەکەمە، ھەروەکو بۆ گشت نوێنەرانی بەشداربوو لە کۆبوونەوەکەی ھەفتەی رابردووی شاری مووسڵ جەختم لەسەر کردەوە، ئیتر جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە بە شێوەیەکی خێرا و پێداگر و رێکخراو گرنگە".

پلاسخارت ھەر لەبارەی ئەم رێککەوتنە رایگەیاند کە دەستەبەرکردنی پێکھاتەیەکی ئەمنی سەقامگیر و دواتریش بەڕێوەبردنێکی ھاوبەش لە شنگال کاری لە پێشینەیە.

جێنین ھێنیس پلاسخارت لەبارەی بڕیاری حکوومەتی عێراق بۆ داخستنی کەمپی ئاوارەکان گوتی: "بە تەواوی تێدەگەین لەوەی کە بەپرسانی عێراقی لە ژێر گوشارێکی سەختدا کار دەکەن، بەڵام نابێت داخستنی کەمپەکان ببێتە ھۆکاری سەرھەڵدانی قەیرانێکی دیکە لە عێراق".

پلاسخارت خۆشحاڵیی خۆی بە کەمبوونەوەی ھێرش بۆ سەر نێردەکانی دیپلۆماتی لە عێراق دەربڕی.

پلاسخارت لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا رایگەیاند کە "ناروونی دەستووریی رێگری لە دانوستانە بنیاتنەرەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا دەکات و ئەمەش زیانێکی زۆری ھەیە بۆ سەر زنجیرەیەک کێشەی ھەڵپەسێردراوی نێوان ھەردوولا".

جێنین ھێنیس پلاسخارت راشیگەیاند کە لە ماوەی ١٥ ساڵی رابردوودا لە عێراق دەرفەتی زۆر بە فیڕۆ دراوە بەمەبەستی گەیشتن بە زنجیرەیەک بنەمای دیاریکراو، بۆیە ئێستا بەپەلە پێویستە رێککەوتنێک ئەنجام بدرێ لەسەر چۆنییەتی جێبەجێکردنی سیستەمی فیدڕاڵی.

پلاسخارت ھەر لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا رایگەیاند ھەموو لایەک کۆکن لەسەر ئەوەی کە ھەبوونی پەیوەندی بنیاتنەر و ئەرێنی لە نێوان حکوومەتی فیدڕالی عێراق و ھەرێمی کوردستان کلیلی سەقامگیرییە لە وڵاتدا.

جێنین ھێنیس پلاسخارت لەبارەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق وتەکانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، عەلی سیستانی وەبیرھێنایەوە بەوەی کە ناوبراو بە روونی ئاماژەی بەوەداوە کە ئەگەر ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە شێوەیەکی گونجاو ئەنجام بدرێت ئەوا بە شێوەیەکی ئاشتیانە دەبێتە ھۆی رزگارکردنی وڵات لەو کێشانەی کە تێی کەوتووە.

پلاسخارت وەک ئاماژەیەک بە دەستەبەرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکوومەتی فیدڕالی عێراق و پەسەندکردنی پرۆژە یاسای پارەدارکردنی کورتھێنانی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند "پێویستە ئەوە روون بێت کە فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانیش ھاووڵاتیی عێراقین".



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın