Emre Aytekin
02 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 06 ئادار 2022
پەکین - AA
وەزیری دەرەوەی ئۆکراینا، دمیترۆ کولێبا داوای لە چین کرد ببێت بە نێوەندگیر بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان وڵاتەکەی و رووسیا.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی چین، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ڤانگ یی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ هاوتا ئۆکراینییەکەی دمیترۆ کولێبا ئەنجامداوە.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، دمیترۆ کولێبا لە بارەی یەکەم گەڕی دانوستانەکانی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، زانیاری داوەتە ڤانگ یی، جەختی لەوەش کردووەتەوە کە کۆتاییهێنان بە پێکدادانەکان لە گرنگترین ئامانجەکانی وڵاتەکەیەتی.
دمیترۆ کولێبا جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ئۆکراینا لایەنگری گەیشتنە ئەنجامی دانوستانەکانە و بەدڵسۆزییەوە دەڕوانێتە دانوستانکردن لەگەڵ رووسیا، هەروەها حکوومەتی کیێڤ ئامادەیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین بەهێز بکات و چاوەڕێیە حکوومەتی پەکین ببێتە نێوەندگیر لە دانوستانەکاندا.
لە بەرامبەریشدا وەزیری دەرەوەی چین، ئەوەی خستووەتەڕوو کە بەنیگەرانییەوە چاودێری رەوشی ئۆکراینا دەکەن و دڵگرانن لە زەرەرمەندبوونی هاووڵاتییانی مەدەنی بەهۆی پێکدادانەکانەوە، ئاماژەی بەوەشداوە کە چین داوا لە لایەنەکان دەکات لە رێی دانوستانەوە کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن و پشتیوانی هەموو ئەو هەوڵە نێودەوڵەتییانە دەکات کە دەبنە هۆی گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسیی.
ڤانگ یی، ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە چین هەمیشە لایەنگری سەروەری و یەکپارچەیی وڵاتان بووە و پێیوابووە کە پێویستە لە رێی فراوانکردنی پانتایی سەربازییەوە هەوڵی دەستەبەرکردنی ئاسایش نەدرێت.