Emre Gürkan Abay
24 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 24 تشرینی دووەم 2021
مۆسکۆ – AA
وەزیری بەرگریی رووسیا، سێرگی شۆیگو، ئاشکرای کرد کە چالاکی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لەسەر سنوورەکانی رووسیا زیادی کردووە و گوتی: "فڕۆکەکانی ئەمریکا مانۆڕی بەکارھێنانی چەکی ئەتۆمیان لە دژی رووسیا ئەنجامداوە".
سێرگی شۆیگو لە میانی ئەو کۆبوونەوەیەی کە لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لەگەڵ وەزيری بەرگریی چین، ڤێی فنگھی ئەنجامیدا، روونکردنەوەی سەبارەت بە چالاکییە سەربازییەکانی ئەمریکا لە دژی رووسیا دا.
وەزیری بەرگریی رووسیا رایگەیاند کە زیادبوونێکی گرنگی چالاکیی فرۆکە سەربازییەکانی سەربە ئەمریکا لە نزیک سنوورەکانی رووسیایان دەستنیشان کردووە و گوتی: "فڕۆکەکانی ئەمریکا مانگی رابردوو ٣٠ فڕینیان لە نزیک سنوورەکانمانەوە ئەنجامداوە. ئەم ژمارەیە، بەراورد بە ھەمان ماوەی ساڵی رابردوودا، دوو ھێندە و نیو زیاترە".
سێرگی شۆیگو، گوتیشی: " فڕۆکەکانی ئەمریکا لە ئاراستەی رۆژھەڵات و رۆژئاوا لە ھەمانکاتدا مانۆڕی بەکارھێنانی چەکی ئەتۆمیان لە دژی رووسیا ئەنجامداوە. ئەو مانۆڕەیان لە رێگەی ١٠ فڕۆکەوە، لە کاتی مانۆڕی سەربازیی بەناو Global Thunder ئەنجامداوە".
ھەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا، ھەردوو وەزیری بەرگریی رووسیا و چین، واژۆیان لەسەر نەخشە رێگای پەرەپێدانی ھەماھەنگیی نێوان ھەردوو وڵات لە بواری سەربازییدا کرد.