Betül Yürük
17 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 17 تشرینی دووەم 2021
نەتەوە یەکگرتووەکان - AA
نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد هێز دژ بەو کۆچبەرانە بەکارنەهێندرێت کە لەسەر سنووری بێلاڕووس-پۆڵەندا لە هەوڵی پەڕینەوەدان بۆ ئەورووپا.
گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، فەرحان حەق لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەیدا، باسی لەوە کرد کە نیگەرانن لە رەوشی کۆچبەرانی سەر سنووری بێلاڕووس-پۆڵەندا و ئەو مامەڵەیەی لەگەڵیاندا دەکرێت.
فەرحان حەق بەپێویستی زانی بەشێوەیەکی شەرەفمەندانە هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو کەسانەدا بکرێت کە لەسەر سنوورن و، هەروەها بە پێویستی زانی کۆمیسیاری باڵای کاروباری پەنابەران سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ چاویان بە کۆچبەرەکان بکەوێت.
گوتیشی: ''ناخوازین ئەو کەسانە وەک ئامڕاز یان داردەستی ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتان بەکاربهێندرێن. بەو شێوەیەی پێویستە رێزیان ناگیرێت''.
سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەی کۆچبەران بە گازی فرمێسکڕێژ و ئاوی قەتیسکراو لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی پۆڵەنداوە، فەرحان حەق ئاماژەی بەوە کرد کە هێشتا نەتوانراوە ئەو دەستوەردانە پشتڕاست بکرێتەوە، بەڵام ئەو جۆرە هەڵسوکەوتە هەڵەیە.
هاوکات باسی لەوە کرد کە پێویستە هێز بەرامبەر کۆچبەران بەکارنەهێندرێت.
خواستی ژمارەیەکی زۆر کەس لەسەر سنووری بێلاڕووس-پۆڵەندا بۆ پەڕینەوە بۆ پۆڵەندا لە پێناو گەیشتن بە ئەورووپا، بووەتە هۆی هەڵکشانی گرژی لەسەر سنووری هەردوو وڵات.
بێلاڕووس، پۆڵەندا تۆمەتبار دەکات بە هەڵسوکەوتی نەشیاو لەگەڵ کۆچبەراندا، پۆڵەنداش بێلاڕووس تۆمەتبار دەکات بەوەی کۆچبەران وەک ئامڕازی سیاسیی بەکاردەهێنێت.