Zana Natık Kerem
01 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 02 شوبات 2023
ھەولێر – AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، مارک برایسۆن ریچاردسۆن پرسی یاساکانی نەوت و غاز، بوودجەی عێراق و بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی-یان تاوتوێ کرد.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە کە نێچیرڤان بارزانی، پێشوازیی کردووە لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، مارک برایسۆن ریچاردسۆن.
راشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا جەختیان کردووەتەوە لە بردەوان بە پەیوەندییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەریتانیا، ھەروەھا گفتوگۆیان کردووە لەبارەی دوایین پێشھاتەکانی دۆخی سیاسیی عێراق، پەیوەندییەکانی ھەوڵێر-بەغدا و پێشھاتەکانی ناوچەکە بەگشتیی.
باسی لەوەش کردووە کە لەبارەی دۆخی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، مارک برایسۆن ریچاردسۆن خۆشحاڵی خۆی نیشانداوە سەبارەت بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەروەها پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ گفتوگۆی ھەردوولا و چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتوگۆ دەربڕیوە.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، پرسی یاساکانی نەوت و غاز، بوودجەی عێراق و بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵیی و کاریگەریی نەرێنییان لەسەر کەشی سیاسیی وڵات تاوتوێ کراوە، لەوبارەیەوە مارک برایسۆن ریچاردسۆن دووپاتی کردووەتەوە کە وڵاتەکەی ھەولێر و بەغدا ھان دەدات بۆ ئەوەی بە گفتوگۆ کێشەکانیان چارەسەر بکەن.