Sarmand Hameed
17 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 18 ئەیلوول 2021
ههولێر-AA
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا بە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بۆریس جۆنسن و ئاشکرای کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا چەند بابەتێکی گرنگیان تاوتوێ کردووە.
لە بەردەوامیی سەردانەکەیدا بۆ بەریتانیا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کۆبووەوە.
نێچیرڤان بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ بۆریس جۆنسن لە هەژمارەکانی لە تۆڕه کۆمەڵایەتییهكان نووسیوویەتی: "خۆشحاڵ بووم کە ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێز بۆریس جۆنسن سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە لەندەن کۆبوومەوە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەدا چەند بابەتێکی گرنگیان تاوتوێ کردووە وەک پەیوەندیيهكانی بەریتانیا و ھەرێمی کوردستان، ھەڕەشەی تیرۆر و سەقامگیریی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت: "سوپاسی سەرۆکوەزیران دەکەم بۆ پشتگيريى بەڕێزیان بۆ پتهو كردنى پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و عێراق بهتايبهتى له بوارى ئابووريدا".
رۆژی چوارشەممە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە لەندەن پایتەختی بەریتانیا و لە میانیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، بۆریس جۆنسن و وەزیری نوێی دەرەوە، لیز ترەس و وەزیری بەرگریی، بێن واڵاس و سەرۆکی ئەنجوومەنی لۆردان، لۆرد جۆن مەکفال و سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا، جۆن مێجەر و ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئەو وڵاتە کۆبووەوە.