نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئەنتۆتیۆ گۆتێرێس کۆبوووە
- سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی ستایشی ئەرک و ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە عێراق کرد و داوای کرد لە پرۆسەی سیاسی و ھێورکردنەوەی دۆخەکە لە یارمەتیدانی عێراق بەردەوام بێت.
Arbil
ھەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی ستایشی ئەرک و ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە عێراق کرد و داوای کرد لە پرۆسەی سیاسی و ھێورکردنەوەی دۆخەکە لە یارمەتیدانی عێراق بەردەوام بێت، جەختیشی لە پێویستیی بەردەوامیی ئەرکی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی سەرھەڵدانەوەی تیرۆر کردەوە، ھەروەھا پشتگیریی ھەرێمی کوردستانی بۆ داواکاریی ڕەوای خۆپیشاندەرانی عێراق لە خزمەتگوزاری و ژیان و ئایندەیەکی باشتر، دەربڕی.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە لە دوایین ڕۆژی بەشداریکردنیدا لە کۆڕبەندیی ئابووریی جیھان لە داڤۆس، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، لەگەڵ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆتیۆ گۆتێرێس کۆبوووە.
لە کۆبوونەوەکەدا خۆپیشاندانەکان و دۆخی عێراق و ناوچەکە، ھەوڵدان بۆ ھێورکردنەوەی گرژییەکان و ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لەمبارەیەوە، کار و چالاکییەکانی یووئێن و دەزگا و ئاژانسەکانی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، دۆخی ئاوارەکانی عێراق و پەنابەرانی سووریا لە ھەرێمی کوردستان و یارمەتیدان و ھاوکاریکردنیان، پرۆسەی سیاسی و ھەوڵەکان بۆ پێکھێنانی کابینەی داھاتووی حکوومەتی عێراق، تاوتوێ کران.
ھەروەھا پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا و بەردەوامیی گفتوگۆی نێوانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، دوایین پێشھاتەکاتەکانی ڕووبەڕوونەوەی تیرۆر و مەترسیی سەرھەڵدانەوەی داعش، دۆخی ناوچەکانی زیانبەرکەوتووی شەڕی داعش و چۆنیەتیی ئاوەدانکردنەوەیان و چەند بابەتێکی دیکەی مایەی بایەخی ھەردوولا، لایەنێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.