Sarmand Hameed
12 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 13 کانوونی دووەم 2020
هەولێر - AA
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە پرسەنامەیەكدا بە بۆنەی كۆچی دوایی سوڵتان قابوس بن سەعید، سەرەخۆشیی لە سوڵتانی نوێی عومان، هەیسەم بن تارق ئال سەعید و گەلی ئەو وڵاتە كرد.
ماڵپەڕی فەرمی سهرۆكی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، نێچیرڤان بارزانی بە بۆنەی كۆچی دوایی سوڵتان قابوس بن سەعید، سەرەخۆشی لە سوڵتانی نوێی عومان، هەیسەم بن تارق ئال سەعید و گەلی ئەو وڵاتە کردووە.
لە پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: "بە داخ و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی خاوەنشكۆ، سوڵتان قابوس بن سەعید بن تەیمورمان پێگەیشت. بەو بۆنە خەمناکەوە پرسە و سەرەخۆشیی گەرم لە بەڕێزتان و لە رێگهی ئێوەشەوە لە خانەوادەی پایەدارتان و هەموو گەلی عومانی دۆست دەكەم".
نێچیرڤان بارزانی داوای لێخۆشبوونی لە خوای گهوره بۆ قابوس بن سەعید كردووه و هیوای سەبووریی و ئارامیی بۆ هەیسەم بن تارق ئال سەعید و گەلی عومان خواستووه.