شیکردنەوە

"نزیکەی ٨٠ هەزار کرێکار لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمارکراون"

- عارف حیتۆ: "تا سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ لە هەرێمی کوردستان، ٣٣ هەزار کۆمپانیا و پڕۆژەی دەستەبەرکراومان هەیە کە ژمارەی کۆی ئەو کرێکارانەی دەستەبەری کۆمەڵاتییان هەیە بریتین لە نزیکەی ٨٠ هەزار کرێکار، لەو ژمارەیەش نۆ هەزاریان کرێکاری بیانین".

Heman Hussein Yaseen Yaseen  | 22.08.2019 - نوێکردنەوە : 25.08.2019
"نزیکەی ٨٠ هەزار کرێکار لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمارکراون"

Arbil

هەولێر - AA

بەڕێوەبەری گشتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، عارف حیتۆ رایگەیاند کە نزیکەی ٨٠ هەزار کرێکاریان لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمارکردووە و ساڵی رابردووش بڕی ١٠ ملیار دیناریان بۆ پاداشتی کۆتایی خزمەت خەرجکردووە.

لە دیمانەیەکی ئاژانسی ئانادۆڵو عارف حیتۆ لەبارەی گرنگی دەستەبەری کۆمەڵایەتیی گوتی: "گرنگی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لەوەدایە کە هەموو مافەکانی کرێکار یان کارمەندی کەرتی تایبەت پارێزراو دەبێت وەک کەرتی گشتی، بەپێی یاسای ژمارە ٣٩ی ساڵی ١٩٧٩ی هەموارکراو بە یاسای ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠١٢، هەر کرێکارێک لە کەرتی تایبەتدا کار بکات، پێویستە بەشدارییەکانی بە دەستەبەری کۆمەڵایەتی بدات بۆ ئەوەی سوودمەند بێت لە خانەنشینی ئەگەر تەمەنی بگاتە ٦٠ ساڵ بۆ پیاوان و تەمەنی ٥٥ ساڵیش بۆ ئافرەتان یان ئەگەر کەسێک ماوەی ٢٥ ساڵ خزمەتی دەستەبەریی هەبێت، هەروەها ئەگەر کرێکارێک لە میانی کارکردندا تووشی پێکانی کار ببێت یان هەر کارەساتێک بەسەر کرێکاردا بێت، ئەوا ئەو کات هەموو مافەکانی پارێزراو دەبێت لە لایەن سندوقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی".

بەڕێوەبەری گشتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "زۆربەی کارمەندانی عێراق و هەرێمی کوردستان پێیان باشترە لە کەرتی گشتی دابمەزرێن، پێیان وایە هەر کەرتی گشتی ماف و ئیمتیازات و خانەنشینی هەیە، خۆ لە کەرتی گشتیشدا بەشدارییەکان دەدرێن، بەڵام کارمەند هەستی پێ ناکات و کۆمەڵێک خانە هەیە لە لیستی مووچە و ئەو مووچەیەی وەردەگرن کە لە کۆتا خانەی لیستەکەدایە لە خانەکانی دیکەدا شایستەکانی تیادایە و لێی دەبڕدرێت".

عارف حیتۆ لەبارەی بڕی بەشدارییەکانی ساڵانەی کرێکار کە پێویستە بە دەستەبەری کۆمەڵایەتی بدات گوتی: "لە مووچەی دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا، مانگانە لەسەدا ١٢ خاوەنکار دەیدات و لەسەدا ٥ کرێکارەکە دەیدات، ئەو بڕەی کە کرێکارەکە دەیدات هەمووی بۆ خانەنشینی دەڕوات، لەو بڕەی خاوەنکاریش دەیدات ئەوا لە سەدا ٩ی بۆ خانەنشینی دەڕوات و یەک لەسەد بۆ بیمەی تەندروستی دەڕوات و دوو لەسەد بۆ پێکانی کار و کێشەکانی دیکە دەڕوات".

بەڕێوەبەری گشتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ژمارەی ئەو کۆمپانیا و کرێکارانەی لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمار کراون گوتی: "تا سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ لە هەرێمی کوردستان، ٣٣ هەزار کۆمپانیا و پڕۆژەی دەستەبەرکراومان هەیە کە ژمارەی کۆی ئەو کرێکارانەی دەستەبەری کۆمەڵاتییان هەیە بریتین لە نزیکەی ٨٠ هەزار کرێکار، لەو ژمارەیەش نۆ هەزاریان کرێکاری بیانین کە ئەوانیش هاوشێوەی کرێکارانی خۆماڵی مافی دەستەبەری کۆمەڵایەتییان هەیە، زۆرینەی کرێکارە بیانییەکان لە وڵاتانی بەنگلادیش، پاکستان، هندستان، نیپاڵ و غانا هاتوون".

ئەگەرچی بە هۆی دانان و راکێشانی پارە لە سندوقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، داهاتی ئەم سندوقە بەردەوام لە گۆڕانکاریدایە، عارف حیتۆ ئاماژە بەوە دەکات کە سندوقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە بەشدارییەکان، سزای دواکەوتن، کرێی موڵکەکان پێکدێت و داهاتەکان دەچنە سندوقەکەوە و بەم هۆیەوەشەوە بەردەوام رەسیدی ئەم سندوقە لە گۆڕانکاری دایە و گوتی: "سندوقی دەستەبەری کۆمەڵایەتی پێکدێت لە بەشدارییەکان، سزای دواکەوتن، کرێی موڵکەکان و بوودجەی هەر سێ فەرمانگەی دەستەبەری کۆمەڵایەتیش دەچێتە ناو سندوقەکەوە بۆیە بەردەوام لە گۆڕانکاریدایە، بەڵام ساڵانە ٦٠ تا ٧٠ ملیار دینار هەیە و دواتر خەرجییەکانی لێی دەردەهێندرێت. لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ەوە نزیکەی ٤٠٠ ملیار دینار لە سندوقی دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا هەیە و دوای خەرجییەکان، خانەنشین و پاداشتی کۆتایی خزمەتی ساڵی رادەکێشرێت و لە ساڵی ٢٠١٨ نزیکەی ١٠ ملیار دینارمان خەرجکردووە بۆ پاداشتی کۆتایی خزمەت و ئەگەر کرێکارەکە داوا نەکات ئەوا کەی خزمەتەکەی گەیشتە ٢٠ ساڵی خزمەت دەتوانێت خانەنشین بێت یان ئەگەر تووشی پێکانێک هات و نەیتوانی کار بکات ئەوا لەم سندوقە سوودمەند دەبێت و مووچەی خانەنشینی بۆ دابین دەکرێت".

لەبارەی ژمارەی ئەو کرێکارانەی کە مووچەی خانەنشینییان لە بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی هەیە، دکتۆر عارف حیتۆ گوتی: "تا ئێستا نزیکەی ٧١٥ خانەنشینمان هەیە و، ساڵانەش نزیکەی ١٠ ملیار دینار بۆ پاداشتی خزمەت دەڕوات، ساڵانە نزیکەی ٨ هەزار کرێکاری خۆماڵی و بیانی دێن داوای پاداشتی کۆتایی دەکەن کە بەداخەوە زۆربەی کرێکاران کە گرێبەستیان تەواو دەبێت ئەوکات دێن داوای پاداشت دەکەن و پاداشتەکە یەکجارە و ئەگەر وەریبگرێت ئەوا مافی خانەنشینی نامینێت و لە ئەگەری ئەوەی دوای وەرگرتنی پاداشت بچێتە شوێنێکی دیکە و پاداشتیشی وەرگرتبێت ئەوا خزمەتی بۆ هەژمار ناکرێت و لە دەستپێکی کارەکەی لە کۆمپانیای دووەمەوە خزمەتی بۆ هەژمار دەکرێت".

دکتۆر عارف حیتۆ گوتیشی: "ئەگەر کرێکارێک لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمار نەکرابێت ئەوا پێچەوانەی رێنماییەکانە و نایاساییە و پێویستە پەیوەندی بە هێڵی گەرمەوە بکات کە ژمارەکەی بریتییە لە ٥٥٠٠ و لیژنەکەمان سەردانی شوێنەکە دەکات لە هەمانکاتدا کرێکار لە کاتی پێشێلکردنی مافەکانیدا دەتوانێت پەیوەندیمان پێوە بکات بە تایبەت ئەوانەی لە رۆژێکدا زیاتر لە هەشت کاتژمێر کار دەکەن و لە ئەگەری کاری زیادە پێویستە رێژەی مووچەی زیادەی پێ بدرێت و بەپێی یاسای کار دەتوانێت لە رێگای دادگاوە مافی خۆی وەرگرێت".

بەڕێوەبەری گشتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، عارف حیتۆ لەبارەی ژمارەی ئەو کۆمپانیا و پڕۆژانەی بە هۆی پێشێلکردنی مافی کرێکارەوە سزادراون گوتی: "لە ساڵی ٢٠١٨دا، ٦٩ پڕۆژە دراونەتە دادگا و لە ساڵی ٢٠١٩دا، ١٨٠ پڕۆژە دراونەتە دادگا و زۆرجاریش خاوەنکار ئاگاداری یاساکانی کار نییە و هەندێک جاریش کرێکار بۆخۆی پێشێلی مافەکانی خۆی دەکات بۆ نموونە خاوەنکار جلوبەرگی سەلامەتی و پێداویستی کاری پێ دەدات و کرێکار بۆخۆی بەکاری ناهێنێت یان هەندێکیان بەڕاستی ئاگاداری یاسا و رێنماییەکان نین".

عارف حیتۆ ئاماژە بەوەش دەکات کە لە پێشووتردا پڕۆژە یاسایەکییان ناردووەتە پەرلەمان و هیوادارە لەم خولەی پەرلەمان خوێندنەوەی بۆ بکرێت و پەسەند بکرێت، لەمبارەوە گوتی: "ئێمە بەگوێرەی سێ یاسا کار دەکەین کە بریتییە لە یاسای کاری ژمارە ٧١ی ساڵی ١٩٨٧، هەرچەندە لە پەرلەمانی عێراق یاسای ژمارە ٣٧ی ساڵی ٢٠١٥ دەرچووە، بەڵام ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان پڕۆژە یاسایەکمان هەیە لە پەرلەمانی کوردستان کە تا ئێستا پەسەند نەکراوە و هیوادارین لەم خولەی پەرلەمان خوێندنەوە بۆ ئەم پڕۆژە یاسایە بکرێت و پەسەند بکرێت چونکە ئێمە لە سیستەمێکی داخراو بۆ سیستەمێکی کراوە هەنگاومان ناوە، یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتیش کۆمەڵێک تێبینمان لەسەری هەبووە و پێویستی بە هەموارکردنەوە هەیە و لەم کابینەیەشدا لە پلانماندایە ئەم یاسایە رەشنووسێکی بۆ ئامادەبکەین و بینێرینە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و لەوێشەوە رەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت".


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın