Ömer Tuğrul Çam,Rahel Ali,Hozan Mohammed Jabbar
03 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 03 نیسان 2023
بڕۆکسل - AA
ناتۆ کە یادی ٧٤مین ساڵیادی دامەزراندنی دەکاتەوە، ئامادەکاری دەکات بۆ پەسەندکردنی فینلاند وەک ٣١مین ئەندامی پەیمانەکە.
دوای تەواوبوونی رێکارە فەرمییەکان لە رێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) کە لە چواری نیسانی ١٩٤٩دا و دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی دووەم دامەزراوە، ئاڵای ئەندامی نوێی رێکخراوەکە فینلاند لە بارەگای ناتۆ بەرز دەکرێتەوە.
دوای ئەوەی رووسیا لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢دا، هێرشی کردە سەر ئۆکراینا، حکوومەتی فینلاند کە بەهۆی گۆڕینی پەیکەربەندی ئاسایشی ئەورووپا بڕیاریدا واز لە بێلایەنیی بهێنێت و ببێتە ئەندامی ناتۆ، لەگەڵ سوید داواکاری پێشکەش کرد و رەزامەندی ٣٠ وڵاتی پەیمانەکەی بەدەستهێنا.
فینلاند دوای ئەوەی بۆ دوایینجار رەزامەندی پەرلەمانی هەنگاریا و تورکیای بەدەست هێنا، جگە لە پرۆتۆکۆڵی فەرمی کۆتایی، سەرجەم قۆناغە پێویستەکانی تەواوکردووە بۆ ئەوەی ببێتە ٣١مین ئەندامی پەیمانەکە. بەو شێوەیەش ناتۆ بە درێژەدان بە سیاسەتی دەرگای کراوە پێی نایە تەمەنی نوێیەوە.
- نۆیەمین فراوانبوونی ناتۆ
ناتۆ کە سیاسەتی دەرگای کراوە پەیڕەو دەکات، ٧٤ ساڵ تەمەنی بەڕێکردووە و ئەمە جاری نۆیەمە فراوان دەبێت.
رێکخراوەکە کە لە ساڵی ١٩٤٩دا بە بەشداری ١٢ ئەندام دروست بوو، ئامادەکاری دەکات بۆ پەسەندکردنی ٣١مین ئەندامی کە ئەویش فینلاندە.
ناتۆ کە بە واژووی ئەمریکا، بەلجیکا، بەریتانیا، دانمارک، فەڕەنسا، هۆڵەندا، ئیتاڵیا، ئایسلاند، کەنەدا، لۆکسمبۆرگ، نەرویج و پورتوگال دامەزرا لە ساڵی ١٩٥٢دا، تورکیا و یۆنان بوونە ئەندام تیایدا.
لە کاتێکدا ئەڵمانیا لە ١٩٥٥ و ئیسپانیا لە ١٩٨٢ بەشدارییان کرد لە ناتۆ لە ١٩٩٩دا، ناتۆ فراوانبوونی زیاتری بەخۆیەوە بینی و کۆماری چیک، هەنگاریا و پۆڵەندایش بوونە ئەندام تیایدا.
لە ٢٠٠٤ بولگاریا، ئیستۆنیا، لاتیڤیا، لیتوانیا، رۆمانیا، سلۆڤاکیا و سلۆڤینیا و لە ٢٠٠٩ ئەلبانیا و کرواتیا و لە ٢٠١٧ مۆنتینیگرۆ و لە ٢٠٢٠یش مەقدۆنیای باکوور بوو بە ئەندام لە ناتۆ.
چاوەڕوان دەکرێت وەک دوا هاوپەیمان لە ناتۆ پرۆسەی وەرگیرانی فینلاندایش لە ماوەیەکی کەمدا تەواو ببێت و ئاڵای ئەو وڵاتە لە بارەگای ناتۆ بەرز بکرێتەوە.
- سیاسەتی دەرگای کراوە بە پشتبەستن بە مادەی ١٠
لە ماددەی ١٠یەمی پەیاماننامەی دامەزراندنیدا، ناتۆ سیاسەتی دەرگای کراوەی گرتووەتە بەر. بەم جۆرە لە ئەگەری رۆڵگێڕان لە ئاسایشی ناوچەی باکووری ئەتڵەسی ناتۆ دەتوانێت دەرگا بۆ وڵاتی ئەورووپی بکاتەوە.
فراوانبوونی ناتۆ تەنها لە کاتێکدا دەبێت کە ئەندامەکانی رەزامەندی دەردەبڕن. ناتۆ جەخت لەوە دەکاتەوە کە جگە لە ئەندامانی ناتۆ رێگە بە لایەنی دیکە نادرێت دەستوەربداتە فراوانبوونی ناتۆ.
ناتۆ سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی کە پرۆسەی فراوانبوونی پەیمانەکە نابێتە هەڕەشە بۆسەر هیچ وڵاتێک. ئاماژە بەوەیش دەدات ئامانج لە فراوانبوونی پەیمانەکە پتەوترکردنی هەماهەنگییەکان، هێنانەدی سەقامگیری لە ناوچەکە و بونیادنانی ئەورووپایەکی یەکگرتوویە کە ئازاد و دیموکراسی و گشتگیر بێت.
- بەدەر لە سوید دیدگای ئەندامێتی دراوە بە سێ وڵاتی دیکە
فینلاند کە وەک ٣١ەمین ئەندام خۆی ئامادە دەکات بۆ چوونە ناو ناتۆ و لە مانگی ئایاری ٢٠٢٢ لەگەڵ سویدی دراوسێی داوای ئەندامێتییان کردبوو. بە پێچەوانەی فینلاند، ئەندامێتیی سوید هێشتا لەلایەن هەموو ئەندامانەوە پەسەند نەکراوە. سوید بۆ ئەوەی ببێت بە ئەندام، پێویسته پەرلەمانی تورکیا و هەنگاریا پرۆتۆکۆڵەکانی ئەندامێتیی پەسەند بکەن.
تورکیا باس لەوە دەکات کە سوید لەم دواییانەدا لە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک پەکەکە/یەپەگە و فەتۆ هەنگاوی ناوە، بەڵام ئەم هەنگاوانە بەپێی پێویست نین، هەروەها باس لەوە کراوە کە حکوومەتی هەنگاریا کێشەی هەیە لەگەڵ هەڵوێستی سوید سەبارەت بە پرسەکانی وەک سەروەری یاسا و دیموکراسی لە هەنگاریا.
بەدەر لە سوید، ژمارەیەک وڵاتی دیکەش هەن کە دەیانەوێت ببن بە ئەندامی ناتۆ. لەوانە ئۆکراینا کە لە ساڵی رابردووەوە چەندین جار خواستی خۆی بۆ بوونەئەندام لە ناتۆ نیشانداوە.
وێڕای ئەوەی لە لووتکەی بوخارێست-ی ناتۆ لە ساڵی ٢٠٠٨ بڕیار درا کە ئۆکراینا و جۆرجیا ببێتە ئەندامی داهاتووی ناتۆ، بەڵام ئەندامێتیی ئەو دوو وڵاتە لە قۆناغی ئێستادا بە دوور دەبیندرێت.