سياسەت, جيهان

مەسرور بارزانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا کۆبووەوە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا، ئەلیکساندەر دیکروو تاوتوێی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەلجیکا و بارودۆخی عێراقیان کرد.

Sarmand Hameed  | 09.06.2021 - نوێکردنەوە : 10.06.2021
مەسرور بارزانی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا کۆبووەوە

Arbil

هەولێر - AA

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا، ئەلیکساندەر دیکروو تاوتوێی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەلجیکا و بارودۆخی عێراقیان کرد.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، مەسرور بارزانی کە بە سەردانێکی فەرمی لە برۆکسلە، لەگەڵ ئەلیکساندەر دیکروو کۆبووەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی گرفت و ئاستەنگە ئەمنییەکان لە ھەرێمی کوردستان وعێراق و ناوچەکە کرا و لەمبارەیەوە ھەردوولا ھاوڕابوون لە سەر گرنگیی بەردەوامبوونی پەیوەندی و ھەماھەنگیی بۆ ئەو بابەتانەی جێی بایەخی ھەردوولان.

سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا، ستایشی ھەرێمی کوردستانی کرد و بە ھەرێمێکی زیندوو و کاریگەر ناوی برد و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پشتگیریکردنی ھەرێمی کوردستان دەربڕی. گوتیشی "دەتوانین لە بواری کشتوکاڵی ھاوکاری کارنامەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەین".

ئەلیکساندەر دیکروو ئاماژەی بە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکوومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدراڵی کرد و رایگەیاند کە لەمبارەیەوە لە پەیوەندیدان لە گەڵ سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵی.

لەلای خۆیەوە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی سوپاسی پشتیوانی بەلجیکای کرد کە لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەردەوامە لە ھاوکاریکردنی پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش. جەختیشی لە گرنگیی ھەماھەنگیی ئەمنی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدرالی کردەوە لە بەرەنگاربوونەوەی ھەڕەشەکانی داعش.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ھەنگاوەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا و ھەڵمەتی کوتان بە ڤاکسین تاوتوێ کرا و ئاماژە بە گرنگیی دابینکردنی ڤاکسین بۆ دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان و پەنابەر و ئاوارەکانی نیشتەجێی ھەرێمی کوردستان کرا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بە یاوەری شاندێکی حکوومی کە پێکهاتووە لە وەزیری پلاندانان، دارا رەشید و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بڕوکسل پایتەختی بەلجیکا.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın