Serdar Bıtmez,Hamdi Yıldız
22 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 22 ئەیلوول 2020
دۆحە- AA
میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئال سانی داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، چاکسازییەکی فراوان لە میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی ئەو بڕیار و بابەتانەی پەیوەندییان بە گەلانی جیهانەوە هەیە، بکات.
تەمیم بن حەمەد ئال سانی پەیامێکی ڤیدیۆیی بۆ چالاکییەکانی یادکردنەوەی ٧٥مین ساڵیادی دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکان نارد و لەبەرامبەر ئەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەگوێرەی هەڵوێستی یەکێک لە پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنەکە بەهەڵواسراوی دەمێنێتەوە، داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد چاکسازی لە پەیڕەوی ناوخۆدا بکات.
میری قەتەر ئاماژەی بە گرنگی دوورکەوتنەوە لە دووفاقی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکان کرد و گوتی: "رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر بنەمای شکۆ و مافەکانی مرۆڤ دامەزرا. هەربۆیە خاڵێکی وەرچەرخانی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دروست کرد، بەڵام تا ئێستا رێکخراوەکە دەستوەستان بووە لەبەرامبەر ئەوەی ئەندامەکانی پابەند بکات بە بنەماکانییەوە. تا ئێستاش لە ناوچە جیاجیاکانی جیهاندا، ماف دەدرێتە لایەنی بەهێز. لە کاتێکدا لە دەیەی سێیەمی ئەم سەدەیە نزیک دەبینەوە وێڕای هەوڵەکان هێشتا جیهان رووبەڕووی کێشەکانی وەک گەورەبوونی گرژییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لە چەکداماڵین، ژینگە، بەسستی بەرەوپێشچوونی گەشەپێدان، تیرۆر و چەندین کێشەی دیکەی بێوێنە بووەتەوە".
میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئال سانی لە درێژەی پەیامەکەیدا جەختی لە بەردەوامی وڵاتەکەی بۆ هاوکاریکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان و چارەسەرکردنی کێشە جۆراوجۆرەکان کردەوە.